سەردێر

سوپای قودس: هەموو جیهان دەنگی شكاندنی ئێسقانەكانی ئەمریكا دەبیستن

خەڵك-

فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران ڕایدەگەیەنێت، بە بەردەوانی دەسەڵاتی ئیسلامی پێشدەكەوێت، ئیسڕائیلیش كە بە دەوری خۆیدا دیوار دەكێشێت، دەیانڕوخێنین.

میدیای ئێرانی بڵاویكردەوە، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران ڕایگەیاند، ستەمكارانی جیهان وەكو ئەمریكا و ئیسرائیل لە هەمیشە زیاتر لاواز بوون.

وتیشی، “سەرەڕای ئەوەی هەموو ئیمكاناتی جیهان لە بەردەستی ئیسرائیلە، بەڵام خەریكە دیوارێك بە پانایی یەك مەتر و بەرزایی شەش مەتر دەكێشێت بە دەوری وڵاتەكەی بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەكەی، بەڵام دڵنیابێت ئێمە ئەو دیوارە دەڕوخێنین”.

ئاشكراشیكرد، ئەمریكا بە تیرۆركردنی قاسم سولەیمانی، تاوانباركردنی خۆی بۆ جیهان سەلماند، بەڵام ئێمە ڕامانگەیاندووە، كە ئێسقانەكانی ئەمریكای تاوانبار دەشكێنین و دەنگی شكاندنەكەی هەموو جیهان دەیبیستن.