سەردێر

“سەردانەكەی پاپا پێكەوەژیان زیاتر دەكات”

خەڵك-

كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر رایگەیاند سەردانەكەی پاپا فڕانسیس پاپای ڤاتیكان بۆ هەرێمی كوردستان پێكەوەژیانی نێوان ئایینەكان زیاتر دەكات.

كونسوڵخانەی ئەمریكا لە راگەیەنراوێكدا بە بۆنەی سەردانە مێژووییەكەی پاپا فڕانسیسەوە رایگەیاند، سەردانەكەی پاپای ڤاتیكان مێژووییە، هەنگاوێكی دیكەیە بەرە و پێكەوەژیانی ئایینەكان.

ئاماژەی بەوەشكرد ئەمریكا بەردەوامە لە پشتیوانیكردن لە پێكەوەژیانی ئاشتییانە و قبوڵكردنی سەرجەم بیروباوەڕییەكان لە هەرێمی كوردستان و عێراق و جیهان لەنێوان ئایینەكاندا.

پاپا فڕانسیس لە كۆتا چالاكییەكانی سەردانە مێژووییەكەی دا بۆ عێراق داوای ئاشتی و هاوكاری پێكهاتەكانی كرد بۆ بەرژەوەندی گشتی .

پاپا راشیگەیاند لە عێراقەوە دەگەڕێتەوە بۆ رۆما، بەڵام عێراق بە هەمیشەیی لەگەڵیدا و لەدڵیدا دەمێنێتەوە.

ئەتیۆ برۆنی وتەبێژی ڤاتیكان رایگەیاند ئەم گەشتەی پاپا رەوشێكی تایبەتی هەیە لەچوارچێوەی رەوشی ئەمنی و تەندروستی عێراقدا، بەڵام دەستپێشخەری خۆشی و ئاشتی بۆ ئەو زەوییە و گەلەیە.

ئەمڕۆ پاپای ڤاتیكان دوای 3 رۆژ مانەوەی لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە ڤاتیكان.