سەردێر

تاران: بەبێ‌ لابردنی سزاكان ئەنجامدانی دانوستان مەحاڵە

خەڵك
نوێنەری ئێران لە ڕێكخراوی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕایدەگەیەنێت، هیچ لێك تێگەیشتن و ڕێككەوتنێك لە نێوان ڕێكخراوی وزەی ئەتۆم و ئێران ڕووینەداوە.

سەبارەت بە ئەنجامەكانی سەردانەكەی ئەنتۆنیۆ گرۆسی بەڕێوەبەری گشتی ڕێكخراوی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی بۆ تاران، كازم غەریب ئەبادی نوێنەری كۆماری ئیسلامی ئێران لەو ڕێكخراوە، ئاشكرایكرد، ئەو سەردانە هیچ لێك تێگەیشتن و ڕێككەوتنێكی لە نێوان ڕێكخراوی وزەی ئەتۆم و ئێران لێنەكەوتووەتەوە.

ڕاشیگەیاند، لە میانی سەردانەكەدا ئەنتۆنیۆ گرۆسی زنجیرەیەك دیداری لەگەڵ لێپرسراوانی ئێران ئەنجامداوە و لای خۆیانەوە حكومەتی كۆماری ئیسلامی مەرجەكانی وڵاتەكەی بۆ دەستكردنەوە بە دانوستان لەبارەی پرسی ئەتۆمییەوە بۆ بەڕێوەبەری گشتی ڕێكخراوی وزەی ئەتۆم دووپاتكردووەتەوە.

كازم غەریب ئەبادی ئەوەشی خستەڕوو، بەبێ لابردنی سزاكانی سەر ئێران ئەنجامدانی دانوستان لەلایەن تارانەوە كارێكی مەحاڵە.