سەردێر

ئیسرائیل و كەنداو بەرەیەك دژی ئێران پێكدەهێنن

خەڵك-

ئیسرائیل گفتووگۆی لەگەڵ وڵاتانی كەنداو دەستپێكردووە بۆ دروستكردنی بەرەیەك دژی ئێران بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی جیروزالیم پۆست.

بەرپرسێكی ئیسرائیلی رایگەیاند گفتووگۆی نافەڕمی لەگەڵ سعودیە و ئیمارات و بەحرێن كراوە بۆ زیادكردنی هاوكارییەكان.

رونیشیكردەوە ئەو چوار وڵاتە ئێران بە هەڕەشەیەكی گەورە بۆ سەر خۆیان دەزانن بە تایبەت لەگەڵ بەردەوامی بەرنامەی ناوەكی ئێران، بۆیە دەیانەوێت پەیوەندییەكانیان فراوان بكەن.

دوێنێ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ باڵوێزی ئیمارات لە ئیسرائیل محەمەد مەحمود كۆبووەوە بەپێی ماڵپەڕی تایمز ئۆف ئیسرائیل.

ناتانیاهۆ رایگەیاند ئێمە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگۆڕین، ئێمە جیهان دەگۆڕین.

نوسینگەی سەرۆك وەزیران رونیكردەوە لە كۆبوونەوەكەدا پەرەدان بە پرۆژە هەرێمییەكان و هاوكارییەكانی دوولایەن لە چوارچێوەی كۆمەڵێك بواری فراواندا گفتووگۆی لەسەر كراوە.

لە كۆبوونەوەكەدا راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی سەرۆك وەزیران مئیر بن شبات و ژمارەیەك بەرپرسی دیكە بەشدار بوون.

ئیسرائیل خۆی ئامادە دەكات لە ئەمساڵدا بە تەواوەتی لە هەموو روویەكەوە بەرەوڕووی ئێران ببێتەوە تەنانەت گورزی سەربازیشی لێ بوەشێنێت.

ناتانیاهۆ لە لێدوانێكدا بۆ رادیۆی ئیسرائیل رایگەیاند رێگا نادەین ئێران بگاتە چەكی ناوەكی، لە هەموو لایەكەوە لە هەموو بەرەكانەوە لێی دەدەین.