سەردێر

تەندروستی جیهانی: ئەمساڵ كۆرۆنا كۆتایی نایەت

خەڵك-
بەڕێوەبەری جێبەجێكار بۆ خزمەتگوزارییە فریاگوزارییەكان لە ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ڕايدەگەیەنێت،”وێڕای خاوويی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە هەندێك وڵاتدا لە دوای قەدەغەكردنی هاتووچۆ و وەرگرتنی ڤاكسینەكان، هێشتا زووە و ناواقعییە بگەینە ئەو بڕوایەی كە پەتاكە لە كۆتایی ئەمساڵدا كۆتایی دێت”.


مایكڵ رایان، بەڕێوەبەری جێبەجێكار بۆ خزمەتگوزارییە فریاگوزارییەكان لە ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانی لە جنێڤ ڕایگەیاند”پێدانی ڤاكسینەكان بەوانەی زیاتر ڕووبەڕووی مەترسی تووشبوون دەبنەوە، وەك كارمەندانی تەندروستی، یاریدەر دەبێت بۆ كەمكردنەوەی مەترسی پەتاكە و یاریدەر دەبێت بۆ سوككردنی گوشاری سەر نەخۆشخانەكان، و ڤایرۆسەكەش كۆنترۆڵ دەكرێت”.

بە وتەی رایان”ڤاكسینەكان نەك هەر تەنیا كاریگەرییان لەسەر مەترسی مردن یان چاكبوونەوە دەبێت، بەڵكو كاریگەرییان هەیە لەسەر گواستنەوە و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە، بۆیە لەو بڕوایەدام بەخێرایی بەرەو كۆنترۆڵكردنی پەتاكە دەچین”.

بۆیەكەمجار لەدوای نزیكەی دوو مانگ، ژمارەی تووشبوونی جیهانی بەرزبۆوە، حاڵەتەكانی تووشبوون لەچەند ناوچەیەكی جیهاندا بەشێوەیەی بەرچاو ڕووی لە زیادبوون كرد، بە تایبەت لە هەردوو ئەمریكا و ئەوروپا و باشووری خۆرهەڵاتی ئاسیا و خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، ئەمەش لەلایەن ڕۆژنامەی (گاردیان)ی بەرتانیاوە ئاماژەی پێكراوە.