سەردێر

زۆرینەی پەنابەرە سوریاییەكان توشی نەخۆشی دەروونی بوون

خەڵك-

زۆرینەی پەنابەرە سوریاییەكان تووشی نەخۆشی دەروونی مەترسیدار بوون دوای 10 ساڵ لە شەڕی نێوخۆ بە پێی راپۆرتی رۆژنامەی گاردیان.

رێكخراوێكی خێرخوازی بەریتانیایی داوای زیادكردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكانی لە بواری مێشك بۆ پەنابەران لە ژمارەیەك وڵات كردووە دوای دۆزینەوەی چەندین توشبووی نەخۆشی دەروونی لەنێو پەنابەرانی سوریادا.

رێكخراوی فریاگوزاری سوریا رایگەیاند پەنابەران و ئاوارەكانی نێوخۆی سوریا دەناڵێنن بەدەست نەبوونی پشتیوانییەوە بەهۆی ململانێكانەوە.

بەپێی توێژینەوەیەك كە 721 سوریایی گرتووەتەوە لە لوبنان و توركیا و ئیدلب و باكوری خۆرئاوای سوریا، رێژەی 84%یان تووشی نەخۆشی دەروونی بوون.

ئاوارەكانی سوریا دابەشبوون بە سەر عێراق، توركیا، ئوردن، لوبنان و وڵاتانی ئەوروپایی، بەشێكیان لە خێوەتگەكان و بەشێكی دیكەشیان لە دەرەوەی خێوەتگەكاندا دەژین.

شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی كە لە ساڵی 2011 وە دەستیپێكرد گۆڕدرا بۆ شەڕی نێوخۆیی و بەشێكی زۆری سوریا وێران بوو.

هاوكات وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتیش هاتنە نێو جەنگی نێوخۆیی سوریا و نەهامەتییەكانی سوریای زیاد كرد، كە تا ئێستاش بەردەوامە.