سەردێر

شیعەكان و ئەمریكاییەكان لە ئامادەباشیدان

گرووپە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی هەڕەشەی وەڵامدانەوەی هێرشەكەی ئەمریكا دەكەن

خەڵك-

گرووپە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی هەڕەشەی وەڵامدانەوەی هێرشەكەی ئەمریكا دەكەن بۆ سەر سنوری سوریا.

كەتیبەكانی حزبوڵڵای عێراق و عەسائیبی ئەهلی حەق و بزووتنەوەی نوجەبا لە راگەیەنراوەكانیاندا باسیان لە وەڵامدانەوەی توندی هێرشەكانی ئەمریكا كردووە.

ئەو گرووپە چەكدارە شیعانەی حەشدی شەعبی سەر بە ئێران داوای چوونەدەرەوەی هێزە ئەمریكاییەكانیان لە عێراق كردووە.

ئەو گرووپانە دەزگا ئەمنییەكانی عێراقیان بە ناپاكی تۆمەتبار كردووە كە زانیاریی هەواڵگرییان داوە بە هێزە ئەمریكاییەكان.

لای خۆیەوە هاوپەیمانی فەتح داوای لە مستەفا كازمی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان كرد لێكۆڵینەوە لە لێدوانەكانی ئەمریكا بكات كە باسیان لە هاوكاری نێوان حكومەتی بەغدا و وەزارەتی بەرگری ئەمریكا كردووە لە هێرشەكانی سەر حەشدی شەعبی لە سنوری سوریا.

لە ئەم چوارچێوەیەدا هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق ئەوپەڕی ئامادەباشییان راگەیاند بە پێی هەواڵی تۆڕی فۆكس نیوز.

بەپێی هەواڵەكە، هێزە ئەمریكاییەكان لە عێراق كەوتوونە باری ئامادەباشی بۆ وەڵامدانەوەی هێرشی میلیشیا چەكدارەكان.

رۆژی هەینی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بۆردومانكردنی مۆڵگەی میلیشیا شیعەكانی لە شاری ئەلبو كەمال لە سنوری سوریا و عێراق راگەیاند لە وەڵامی هێرشەكەی سەر هەولێردا.