سەردێر

ئیسرائیل لە هەنگاوەكانی بایدن نیگەرانە

فشارەكانی ئەمریكا لەسەر عەرەبستانی سعودیە كارئاسانی دەكات بۆ بەهێزكردنی ئێران

خەڵك-
ئیسرائیل مەترسی هەیە لە فشارەكانی ئەمریكا لەسەر عەرەبستانی سعودیە كە كارئاسانی دەكات بۆ بەهێزكردنی هەڵوێستی ئێران و تێكدانی نزیكبوونەوەی نێوان عەرەبستان و ئیسرائیل.

رۆژنامەی جیروازلۆم پۆست لە راپۆرتێكدا بڵاویكردەوە هەڵوێست و فشارەكانی ئەم دواییەی ئەمریكا بەرامبەر ریاز هاوپەیمانی هەرێمی دژی ئێرانی لاوازكردووە لە حاڵێكدا ئەمریكا ئامادەیی كەمی تێدا هەیە بۆ روبەڕوبوونەوەی ئێران.

رۆژنامەكە، ئاماژەی بە مەیلی بەڕێوەبەرایەتییەكەی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكاش كردووە بۆ گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی ناوەكی لەگەڵ ئێران كە سەرۆكی پێشوو دۆناڵد ترەمپ لە 2018 لێی كشایەوە.

ئیسرائیل گومانی لە هەنگاوەكانی ئەمریكا هەیە كە رایگەیاندووە سزاكانی سەر ئێران هەڵناگرێت تا ئێران ئەركەكانی بەرامبەر رێككەوتنی ناوەكی جێبەجێنەكات، كات دیاری دەكات كە ئایا ئەوە روو دەدات.

عەرەبستانی سعودیە بەبێ هاوكاری ئەمریكا ناتوانێت لە ئیسرائیل نزیكبێتەوە، لەكاتێكدا لە ماوەی ساڵانی رابردوو هەردوو دەوڵەتی عەرەبستان و ئیسرائیل نزیكبوونەوەی زۆریان هەبووە، تەنانەت بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بە نهێنی سەردانی عەرەبستانی كردووە.

هەریەكە لە عەرەبستان و ئیسرائیل بەردەوامی دەدەن بە روبەڕوبوونەوەی نەیارەكەیان كە ئێرانە.