سەردێر

ئیمارات بووە یەکەم وڵاتی عەرەبی و دووەمی جیهان لە دابینی ڤاکسیندا

خەڵک

وەزارەتی تەندروستی ئیمارات ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند؛ کۆی گشتی خواستەکانی بۆ دابینی ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا 6 ملیۆن ژەمی تێپەڕاندووە و ئەو ژمارەیەش وڵاتەکەی کردە یەکەم لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و دووەم لەجیهاند، لە ڕووی دابین و پێدانی ڤاکسین بە هاووڵاتیانی.

بە گوێرەی ئاژانسی تەندروستی ئیمارات، لە 24 کاتژمێری رابردوودا 81 هەزار و 790 ژەم لەڤاکسینی کۆڤید 19ی دابین کردووە، بەمەش کۆی ئەو ژەمە ڤاکسینانەی تا ئێستا دابین کراوە بۆ 6,015,089 بەرز بووەتەوە.

وەزارەتی تەندروستی ئیمارات ڕایگەیاندووە؛ پلانی وەزارەت بۆ دابینکردنی ڤاکسینی دژ بە کۆڤید 19، گەیشتنە بەو بەرگریەی بەهۆی کوتانەوە دروست دەبێت دژ بە ڤایرۆسەکە، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت لە کەمکردنەوەی ژمارەی حاڵەتەکان و کۆنترۆڵکردنی پەتاکە .

ئیمارات، لەناوەڕاستی مانگی شوباتدا بەربەستی 5 ملیۆن ژەمە ڤاکسینی شکاندو تەنیا لەماوەی دوو هەفتەدا توانیویەتی 1 ملیۆن ژەمی نوێ بەسەر دانیشتوانیدا دابەش بکات .

ئیمارات لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا پرۆسەی گەیاندنی ڤاکسینی تەواو کرد بۆ هێڵی یەکەمی بەرگری (کارمەندانی تەندروستی)، دواتر دەستی کرد بەپێدانی ڤاکسینەکە بە بەشەکانی دیکەی کۆمەڵگا .

تەندروستی ئیمارات پێشبینی دەکات تا مانگی ئازار لە سەدا 50 ی دانیشتوانەکەی ڤاکسین وەربگرن.