سەردێر

هۆشداری لە تەقاندنەوەی كۆنگرێس دەدرێت

لێپرسراوی پۆلیسی كۆنگرێس هۆشداری دەدات لەوەی كە لایەنگرانی ترەمپ دەیانەوێت كۆنگرێس بتەقێننەوە.

یۆگاناندا پیتمەن لێپرسراوی پۆلیسی كۆنگرێس بە وەكالەت ڕایگەیاند، لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ كە لە مانگی ڕابردوو هێرشێكی كوشندەیان كردە سەر كۆنگرێس ئاماژەیان بەوە كردووە دەیانەوێت باڵەخانەكە “بتەقێننەوە” و ئەندامانی كۆنگرێس بكوژن.

ئەو لێپرسراوەی پۆلیسی كۆنگرێس ئەوەشی خستەڕوو، كار بۆ بەردەوامی ئاسایشی توند لە دەوروبەری باڵەخانەكە دەكەن، هەڕەشەكان نیشان دەدەن توندڕەوان دەشێت لە میانەی وتارێكی جۆ بایدن بیناكە بكەنەوە بە ئامانج.

پیتمەن بە ئەندامانی كۆمیتەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكای ڕاگەیاند:” ئەندامانی گرووپە میلیشاكانی كە لە 6 ی مانگی 1 هێرشەكانیان ئەنجامدا ئاماژەیان بە خواستیان بۆ تاقاندنەوەی كۆنگرێس و كوشتنی زۆرترین ئەندامانی كۆنگرێس لە دەمی یەكەم وتاری بایدن لە كۆنگرێسدا كردووە”.

 

پیتمەن وتیشی:” ئێمە پێمانوایە گرنگە پۆلیسی كۆنگرێس ئاستی ئاسایشی بەرز بهێڵێتەوە هەتا ئەو كاتەی بتوانین چارەسەری كێشەكە بكەین”.

 

دوابەدوای ڕووداوەكانی شەشی مانگی 1 ڕێوشوێنێكی ئاسایشی بێپێشینە لە واشنتۆن گیرایەبەر، بەربەست بە تەلی دڕكاوییەوە لە دەوروبەری كۆنگێس دانرا و خاڵی پشكنین دامەزرا كە لەلایەن گاردی نیشتمانییەوە بەڕێوە دەبرێت. هەروەها، چاوەڕوانیش دەكرێت نزیكەی 5 هەزار سەرباز تا ناوەڕاستی مانگی سێ لە ناو شارەكە بمێننەوە.

جێی ئاماژەیە، هێرشەكەی لایەنگرانی ترەمپ بۆ سەر كۆنگرێس لە كاتێكدا بوو كە ئەندامانی كۆنگرێس خەریكی پەسەند كردنی هەڵبژاردنی سەرۆك جۆ بایدن بوون بە فەرمی كە لە هەڵبژاردنەكانی مانگی 11 دا سەركەوتنی بەدەستهێنا و ئەو هێرشە پەسەندكردنی بایدنی بە فەرمی بۆ چەند كاتژمێرێك دوواخست لە كاتێكا یاسادانەران ناچاربوون لە ترسی گێرەشێوێنەكان هەڵبێن. لە ئەنجامی ئەو توندوتیژییە پێنج كەس لە ناویاندا پۆلیسێكی كۆنگرێسیش كوژران.

زیاتر لە 200 كەس تاوانبار كران بە هۆی ئەوەی ڕۆڵیان هەبووە لەو ئاژاوەیەدا، لەوانەدا هەندێك كەس كە پەیوەندیان بە گرووپە ئەوپەڕی ڕاستڕەوەكانی وەكو ئۆت كیپەرس و پراود بۆیسەوە هەبووە.

خەڵك – بەشی هەواڵ



هەلبژاردە

گرنگترینەکان