سەردێر

مێركڵ هۆشداری دەدات لە شەپۆلی سێیەمی كۆرۆنا

ڕاوێژكاری ئەڵمانیا هۆشدەدات لە سەرهەڵدانی شەپۆلی سێیەمی كۆرۆنا لە وڵاتەكەی.


ئەنگێلا مێركڵ ڕاوێژكاری ئەڵمانیا، بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاو، هۆشداریدا لە سەرهەڵدانی شەپۆلی سێیەمی پەتاكە.

ئەنگێلا مێركڵ لە چاوپێكەوتنێكدا ڕایگەیاند، لە كۆتایی مانگی كانوونی یەكەمی 2020دا، سیستمی تەندروستیی ئەڵمانیا ڕووبەڕووی بارودۆخێكی لەناكاو ببووەوە، ئاماژەی بەوەشكرد كە لەئێستادا ژمارەی هەوكردنەكان زۆر كەمترە و ڕێژەی مردن بەهۆی ڤایرۆی كۆرۆنای نوێوە كەمیكردووە.

ڕاوێژكاری ئەڵمانیا باسی لەوەشكرد، دەكرێت بیر لە هەنگاو بە هەنگاو كەمكردنەوەی ڕێكارەكانی دژ بە كۆرۆنا بكەنەوە و وتی: ”ئەگەر ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاو نەبێت كەمكردنەوە ڕێكارەكان ئاسان دەبێت. بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاو، كە ئێستا ڕەنگە سێیەم شەپۆل دروست ببێت، دەچینە قۆناغی نوێی پەتاكەوە. ئەو ڤایرۆسە گۆڕاوەی لە بەریتانیا سەریهەڵدا توندترە و شوێنی ئەو ڤایرۆسە دەگرێتەوە كە سەرەتا سەریهەڵدا. ئێستا پێویستە بەژیریی و بەوریاییەوە بەرەوپێش بچین بۆ ئەوەی شەپۆلی سێیەم وانەكات پێویست بكات بە داخستنی هەموو ئەڵمانیا”.

ئەنگێلا مێركڵ ئەوەشی خستەڕوو، كۆنترۆڵكردنی پەتاكە بەتەواوی ماوەی چەند مانگێك دەخایەنێت و جەختی كردەوە، كە: ”ئەگەر ڤاكسینەكان كاریگەرییان هەبێت، كۆمپانیاكان وەك ئەوەی بەڵێنیان پێداوین بەرهەمبهێنن و ڕەوانەی بكەن، ئەوا لە دوای چەند مانگێك زۆر نزیك دەبینەوە لە بەرگریی ڕێكخراوی جەستەیی‌”.

خەڵك – بەشی هەواڵ