سەردێر

زانایان دەربارەی كۆرۆنای گۆڕاو زانیاری نوێ‌ ئاشكرادەكەن

خەڵك-
ئاژانسی دەرمان و خۆراكی ئەمریكی ئاشكرای دەكات، كە ڤاكسینەكانی كۆرۆنا پێویستیان بە تاقیكردنەوەی نوێ‌ لەسەر نەخۆشەكانی تووشبوو بە كۆرۆنا نییە لەپێناو زانینی كاریگەری ڤاكسینەكە لەسەر كۆرۆنای گۆڕاو تاوەكو هاووڵاتیان پارێزراوبن لە زنجیرە نوێیەكانی كۆرۆنا.

بەپێی هەواڵێك، كە ڕۆژنامەی (نیویۆرك تایمز)ی ئەمریكی لەزاری ئاژانسی دەرمان و خۆراك بڵاویكردۆتەوە، دامەزراوەی تەندروستی ئەمریكا ڕێنمایی بڵاوكردۆتەوە بۆ تاقیكردنەوەی سنوورداری ئەو ڤاكسینانەی ساڵانە بەكاردەهێنرێن دژی ئەنفلۆنزای وەرزی.

زانایانی دامەزراوەكە جەختیان كردۆتەوە، كە بەهۆی كەمی كاتەوە پێویست بە هەوڵی زۆر ناكات لەپێناو گۆڕانكاری لە ڤاكسینە بەردەستەكان تاوەكو بتوانرێت بەسەر زنجیرە گۆڕاوەكانی كۆرۆنا سەركەوتووبن.

هەر بەپێی هەواڵەكە، “زاناكان ترسیان لەوە هەبووە زنجیرە نوێیەكانی كۆرۆنا ببنە بەربەست لەبەردەم بەكارهێنانی ڤاكسینی كۆرۆنا، كە لە ئێستادا دەست بە كوتان كراوە و لەهەمان كاتدا لە زۆربەی وڵاتانی جیهان كار لەسەر دروستكردنی بەرگری بەكۆمەڵ دەكرێت دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا”.

ئەو ڕاسپاردانەی لەلایەن زانایانەوە بڵاوكراونەتەوە دانپێدانانێكە بە ئاستی مەترسی زنجیرە نوێیەكانی كۆرۆنا، كە لە ئێستادا لە بەشێكی وڵاتان بڵاوبۆتەوە و وای لە بەشێكی وڵاتان كردووە ڕێكاری توند بگرنەبەر بۆ خۆپارێزی.

جانیك ۆدكوك، بەڕێوەبەری ئاژانسی خۆراك و دەرمانی ئەمریكا بە وەكالەت ڕایگەیاندووە، زنجیرە نوێیەكانی كۆرۆنا بۆتە هۆی مەترسی نوێ‌ و هاوكات دوودڵی سەبارەت بە ڤاكسینە بەردەستەكانی ئێستا دژی كۆرۆنا دروست كردووە.