سەردێر

کۆرۆنا بووەتە ڤێتنامێکی دیکە بۆ ئەمریکا

نزیکەی 19 ٪ ی کۆی گشتی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە جیهاندا، لە ئەمریکایە

خەڵك

وەک هاوخەمی بۆ گیانلەدەستداوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بایدن و هاوسەرەکەی خولەکێک بەبێدەنگی لەیادی ئەو ئەمریکیانەدا بوون کە بەهۆی پەتای کۆرۆنا ژیانئاواییان کردووە.

بەو بۆنەیەوە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا فەرمانیدا ئاڵای وڵاتەکەی لەسەر بینای دامەزراوە حکومییەکان تا خۆرئاوابوونی ڕۆژی هەینی بۆ نیوە بهێننە خوار وەک هاوخەمی بۆ گیانلەدەستدانی هاونیشتمانیانی ئەمریکایی کە بە کاریگەری ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە.

بایدن لە لێدوانێکیدا لە کۆشکی سپی بەغەمبارییەوە وتی؛ بەداخەوە ژمارەی گیانلەدەستداوان بە کۆرۆنا لە ئەمەریکا لەماوەی یەک ساڵدا، هاوتایە بە ژمارەی ئەو ئەمریکیانەی لە هەردوو جەنگی جیهانی و شەڕی ڤێتنامدا کوژراون .

بەپێی هەواڵێکی ڕۆیتەرز، کە بە پشت بەستن بە داتاکانی تەندروستی گشتی بڵاوکراونەتەوە، ئەمریکا، گەورەترین ناوەندی توشبووانە بەکۆرۆنا لە جیهاندا و زیاتر لە 28 ملیۆن توشبوو و، 500 هەزار و 264 حاڵەتی گیانلەدەستدانیشی بەڤایرۆسەکە هەیە ئەگەر چی ژمارەی مردنی ڕۆژانە و ژمارەی ئەو نەخۆشانەی لە نەخۆشخانەکانی ئەمریکا چارەسەریان بۆ دەکرێت، لە ڕۆژی جەژنی سوپاسگوزاری و کریسمەسەوە بۆ کەمترین ئاست دابەزیووە.

بەپێی زانیارییەکان نزیکەی 19 ٪ ی هەموو مردنەکان بەڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ئاستی جیهان لەئەمریکا ڕوودەدات، کە ڕێژەیەکی زۆر گەورەیەو بەرامبەرە بە رێژەی ٪4ی کۆی ژمارەی دانیشتوانی.

لای خۆیەوە ئەنتۆنی فاوچی گەورە ڕاوێژکاری جۆ بایدن بۆ کاروباری نەخۆشیە گوازراوەکان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە: ئەمە خراپترین شتە کە لەڕووی تەندروستییەوە بەسەر ئەمریکادا دێت لەماوەی 100 ساڵدا.