سەردێر

دیمەشق موشەكباران كرا

خەڵك-

سوپای سوریا ئاشكرایكرد بەیانی ئەمڕۆ دوو شەممە هێزەكانی بەرگری ئاسمانی پێشیان بە هێرشی ئیسرائیلی گرتووە لە ئاسمانی دیمەشق.

سوپای سوریا لە راگەیەنراوێكدا رونیكدەوە فڕۆكەی ئیسرائیلی لە بەرزاییەكانی جۆلان بوون بۆ كردنە ئامانجی دەوروبەری دیمەشق، بەڵام لەلایەن هێزەكانی بەرگریی ئاسمانییەوە زۆرینەی موشەكەكان خراونەتە خوارەوە.

راشیگەیاندووە هێزەكانی بەرگری ئاسمانی بەردەوام دەبن لە وەڵامدانەوەی هێرشە مووشەكییەكانی ئیسرائیل لە ئاسمانی دیمەشقی پایتەخت.

سەرچاوەیەكی سەربازی سوریایی دەڵێت: لە كاتژمێر 1.18 لە ئاراستەی بەرزاییەكانی جۆلان و جەلیلەوە چەند شوێنێك لە نزیك دیمەشق بە ئامانج گیراون.

مێدیاكانی سوریا زانیاری زیاتریان لەبارەی هێرشی ئیسرائیلەوە نەخستووەتەڕوو و ئاماژە بە ژمارەی قوربانیش نەدراوە.

سوپای ئیسرائیل بەڵێنیداوە بەردەوام بێت لە كردنە ئامانجی بنكە سەربازییەكانی ئێران و ملیشیاكانی لەنێو خاكی سوریادا.

بنكە سەربازییەكانی گروپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران لە خۆرهەڵات و باشورو باكوری خۆرئاوای سوریادا جێگیربوون.