سەردێر

“توركیا لەشكركێشی بۆ سەر موسڵ و كەركوك ئەنجام دەدات”

خەڵك-

سەرۆكی پارتی ڕۆژی دیموكراتی كوردستانی سوریا ڕایدەگەیەنێت، توركیا مەترسییەكی گەورەیە بۆ قەوارەی كورد لە هەموو ناوچەكان.

كوفان كەنعۆ، سەرۆكی پارتی ڕۆژی دیموكراتی كوردستانی سوریا لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، توركیا سەلماندوویەتی، كە دەوڵەتێكی دەستدرێژیكەرە و لە هەر كوێیەك كورد خاوەنی ئیرادەییەكی سیاسی بێت بۆ لەناوبردنی ئەو ئیرادەیە دەست لە هیچ شتێكی نەشیاو ناپارێزێت.

وتیشی، “ڕەفتاری چاوچنۆكانەی توركیا كۆتایی نایەت، هەر وەك چۆن توركیا لە سوریا بەشێكی ناوچە كوردنشینەكانی داگیر كرد لە گارە و كوردستانی عێراقیش نیازیەتی دەستدرێژی بكات و ببێتە خاوەنی بەشێك لە ناوچە سنوورییەكان”.

ئاشكراشیكرد، توركیا زیاتر لە 20 بارەگای سەربازیی لە هەرێمی كوردستان دامەزراندووە و لەو بارەگایانەوە شەڕی دژ بە هێزە كوردییەكان دەكات، چونكە ئامانجی توركیا كۆنتڕۆڵكردنی ناوچە سنوورییەكانی كوردستانی عێراق و سوریایە.

جەختیلەوەش كردەوە، توركیا مەبەستی گێچەڵكردنە لە شەنگال و دێرك، بۆیە لە سێبەری بێدەنگی هێزە كوردییەكانی هەرێمی كوردستان لە ئانوساتدایە لەشكركێشی بۆ سەر موسڵ و كەركوك ئەنجام بدات.

ڕوونیشیكردەوە، هەروەك چۆن توركیا گرووپە تیرۆریستییەكانی بۆ عەفرین و سەرێكانی و گرێسپی گواستۆتەوە، دوور نیە سبەی ئەو گرووپانەش بهێنێتە هەرێمی كوردستان.