حكومەتی چین پەخشی كەناڵ و ڕادیۆی (بی بی سی)ی بەریتانی بە زمانی چینی لە وڵاتەكەی ڕاگرت و ئەمریكاش دژی ئەو بڕیارە پشتیوانی خۆی بۆ لەندەن دووپاتكردەوە.
دەزگای چاودێریی میدیای بیستراو و بینراوی چین ڕایگەیاند: ڕەخنەیان لە جۆری هەواڵ و ڕاپۆرتی بی بی سی هەیە سەبارەت بە وڵاتەكەیان و پەخشی ئەو كەناڵە قەدەغە دەكات.
دەزگای چاودێریی میدیای بیستراو و بینراوی چین ئەوەشی خستووەتەڕوو: هەواڵەكانی (بی بی سی) سەبارەت بە نەخۆشی كۆرۆنا و ڕوماڵكردنی هەواڵ و ڕاپۆرتەكان سەبارەت بە كەمینەی ئویغۆر بێ لایەنی تێدا نییە و ئەمەش زیان لە بەرژەوەندییەكانی چین دەدات، هەر بۆیە ئەوان ئامادەنین مۆڵەتی ساڵانەی پەخشی (بی بی سی) نوێ بكەنەوە و پەخشی ئەو كەناڵە قەدەغە دەكەن.
لەئێستادا تەنها لە هۆتێلە نێودەوڵەتییەكان و شوێنە دیپلۆماتییەكان ڕێگە دەدرێت كەناڵی (بی بی سی) پەخش بكرێت و پەخشی ئەو كەناڵە لەسەرتاسەری چین قەدەغەیە.
دوا بەدوای ئەو بڕیارەی چین، نید برایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا: بە توندی ئیدانەی ئەو هەنگاوەی چین دەكەن و بە كارێكی دژ بە ئازادی بڵاوكردنەوەی زانیاری ناودەبەن.
وتیشی: پەكین بە هەموو شێوەیەك ڕێگری دەكات لەوەی زانیاری ڕاست و دروست بگاتە گەلی وڵاتەكەی و ئەوەش بە تەواوی دژی بنەماكانی مافی مرۆڤ و ئازادی ڕا دەربڕینە.
خەڵك – بەشی هەواڵ