سەردێر

پەیوەندییەكانی یەكێتی ئەوروپا و ڕوسیا ئاڵۆزتر دەبن

وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا ڕێككەوتوون لەسەر سزادانی ڕوسیا، مۆسكۆش دەڵێت، ئامادەین پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئەو یەكێتییە تێكبدەین.


ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریكا لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەدا: چەند سەرچاوەیەكی دیپلۆماتی كە ئامادەی دواین كۆبوونەوەی یەكێتی ئەوروپا بوون ڕایانگەیاندووە: وڵاتانی ناو یەكێتییەكە بە كۆی دەنگ ڕێككەوتوون لەسەر سەپاندنی سزا بەسەر ڕوسیا، بێ ئەوەی هیچ وڵاتێك ڤیتۆی لەسەر ئەو بڕیارە نیشاندابێت.

ئەو سەرچاوە دیپلۆماتیانە دووپاتیشیانكردەوە: كار بۆ داڕشتنی لیستێكی سزا لە دژی لێپرسراوانی باڵای ڕوسیا و بازرگانەكانی نزیك لە كرملین دەكەن.

پەیوەندییەكانی روسیا و یەكێتیی ئەوروپا رووبەڕووی چەندین گرژی و ئاڵۆزی بوونەتەوە، بەتایبەت دوای دەستگیركردن و سزادانی ئەلێكس ناڤاڵنی سەركردەی دیاری ئۆپۆزسیۆنی ڕوسیا.

هاوكات، ئاژانسی ڕۆیتەرز لەسەر زاری سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا بڵاویكردووەتەوە ئەگەر یەكێتی ئەوروپا سزاكانی بۆ سەر ڕوسیا ڕابگەیەنێت، مۆسكۆ ئامادەیە بۆ پچڕانی پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا.

لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەشدا، مۆسكۆ نایەوێت پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا تێكبدات، بەڵام ئەگەر سزای بەسەردا بسەپێنن، ئەو كات ڕوسیاش پەیوەندییەكانی خۆی دەپچڕێنێت.

خەڵك – بەشی هەواڵ



هەلبژاردە

گرنگترینەکان