سەردێر

ئیسرائیل لە ئامادەكاریی بۆ لێدان لە ئێران بەردەوامە

خەڵك-
ئیسرائیل بەرپرسێكی نوێی بۆ هەواڵگری سوپاكەی لە رۆژی پێنج شەممە دەستنیشان كرد، وەك ئامادەكاری سوپای ئیسرائیل بۆ راگەیاندنی جەنگ دژی ئێران.

رۆژنامەی جیرۆزلیم بڵاویكردەوە ئیسرائیل ئاهارۆن حالفای وەك سەرۆكی هەواڵگری سوپای دیاریكردووە كە ناوبراو بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەكانی سوپایە و سەرپەرشتیاری ئامادەكارییەكانە بۆ جەنگ.

ناوبراو پێشتر فەرمانداری لیوای هێزی دابەزین لە ئاسمان و قوتابخانەی ئەفسەران و بنكەی مەشقی سوپا بووە.

لە لایەكی دیكەوە مائیر بن شابات راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی لەلایەن بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانەوە دیاریكرا بە نوێنەری خۆی بۆ چاودێری پەیوەندیی زل هێزەكان لەبارەی رێككەوتنی ناوەكی ئێرانەوە.

ناوبراو دیاریكراوە بۆ چاودێریكردنی دۆسێیەكە بەتایبەت دەربارەی ئیدارەی نوێی ئەمریكا و لە هەفتەی داهاتوو لە ئەمبارەوە گفتووگۆ دەكرێـت.

ناوبراو رۆژی چوار شەممەی رابردوودا لەگەڵ جیك سالیفان راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا قسەی كردووە.