سەردێر

ئەمریكا پشتیوانی بۆ عەرەبستان دووپاتكردەوە

هێرشی حوسییەكان بۆ سەر سعودیە پەرەدەستێنێت

خەڵك-

ئەنتۆنیۆ بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا شەرمەزاری هێرشی حوسییەكانی بۆ سەر عەرەبستان كرد لە پەیوەندییەكدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عەرەبستان.

بلینكن لە پەیامێكدا لە توێتەر رایگەیاند لە پاڵ عەرەبستان دەوەستن دژی هێرشەكانی حوسی.

راشیگەیاند پشتیوانی بەرگری سعودی دەكەن.

ئاماژەی بەوەشكرد هەوڵ دەدەن چارەسەرێكی سیاسی بۆ شەڕی یەمەن بدۆزنەوە.

هاوكات نید برایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاند هەردوو وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و عەرەبستان هێرشەكەی دوێنێی حوسییان بۆ سەر فڕۆكەخانەی ئەبها تاوتوێكردووە.

دوێنێ حوسییەكان بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشیان كردەسەر فڕۆكەخانەی ئەبها كە فڕۆكەیەكی مەدەنی تێدا سووتا، حوسییەكان دەڵێن، ئەو فڕۆكەخانەیە لەباری سەربازییەوە كەڵكی لێوەردەگیردرێت.

عەرەبستانی سعودی لە 2015وە سەركردایەتی هاوپەیمانی عەرەبی دەكات لە شەڕی دژی حوسییەكانی یەمەن كە زۆرینەی خاكی یەمەن لەنێویدا سەنعای پایتەختیان گرتووە و دوای 6 ساڵ شەڕ هێشتا ململانێكە یەكلایی نەبووەتەوە.

حوسییەكان لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن لە 2014 توانیان سەنعای پایتەخت بگرن و دەسەڵاتی یەمەن بگرنەدەست، حكومەتی دانپێدانراوی یەمەنیش لە شاری عەدەنی باشوری یەمەن و سعودیەوە كاروبارەكانی بەڕێدەكات.