سەردێر

حوسییەكان هێرشی بەرفراوانیان دەستپێكرد

تا ئێستا نزیكەی 20 سەربازی حكومی كوژراون و 28ی دیكەش بریندار بوون

خەڵك-

یاخیبووە حوسییەكان هێرشی بەرفراوانیان بۆ سەر شاری مەئرەب دواین پێگەی حكومەتی یەمەن لە باكوری ئەو وڵاتە دەستپێكرد لە ئەمڕۆ دوو شەممە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی دەنگوباسی فرانس پرێس شەڕی قورس لەنێوان چەكدارە حوسییەكان و هێزە حكومییەكان دەستیپێكردووەتەوە، دوای ماوەی چەند هەفتەیەك لە راگیرانی هێرشە خوێناوییەكان و لە هەردوولایەن كوژراو و بریندار هەیە.

سەرچاوەیەكی سەربازی حكومی بۆ ئاژانسەكە، دەڵێت: یاخیبووە حوسییەكان هێزی گەورەیان بۆ سنوری مەئرەب راگواستووەتەوە.

راشیگەیاند شەڕ لە دووری 10 كیلۆمیتری خۆرئاوای مەئرەب بەڕێوەدەچێت.

لە شەڕەكەدا تا ئێستا نزیكەی 20 سەربازی حكومی كوژراون و 28ی دیكەش بریندار بوون و كوژراو و برینداریش لە رێزی حوسییەكاندا هەن.

ئەم هێرشە دوای هێرشە موشییەكەی سەر بارەگای فەرماندەیی ناوچەی سەربازی مەئرەب دێت لە رۆژی یەك شەممە كە بەهۆیەوە 3 سەرباز كوژران، 4ی دیكە بریندار بوون.

ئەم هێرشە دوای لێدوانەكانی جۆ بایدن سەرۆكی نوێی ئەمریكا دێت كە لە یەكەم گوتاری پەخشكردنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكادا ئاشكرایكرد هەوڵ بۆ كۆتایهێنان بە جەنگی یەمەن دەدەن، بۆ ئەوەش پشتیوانی سعودیە لە جەنگی یەمەن رادەگرن.
هاوكات دوای زانیارییەكانیشە بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا بە دانانی حوسییەكان لە لیستی تیرۆردا.

تاكو ئێستا هەڵوێستی نوێی ئەمریكا لەسەر ئەم هێرشەی ئەمڕۆ ئاشكرا نییە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا شەوی رابردوو داوای لە حوسییەكان كرد بەپەلە هێرشەكان بۆ سەر سعودیە رابگرن.

داواشی لە حوسییەكان كرد هاوكاربن لە زیندووكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و هەنگاوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆتاییهێنان بە جەنگ و ماڵوێرانی بۆ گەلی یەمەن.