سەردێر

ئیسرائیل سوریای بۆردومان كرد

خەڵك-

ئاژانسی دەنگوباسی سوریایی (سانا) ئاشكرایكرد هێزە دژە هەواییەكانیان پێشیان بە هێرشی ئیسرائیلی گرتووە كە ناوچەكانی باشوری وڵاتی بە ئامانج گرتووە.

ئاژانسەكە وێنەی هێرشەكەی بڵاوكردووەتەوە كە دژە ئاسمانییەكانی سوریا بەرپەرچی هێرشی مووشەكی ئیسرائیل دەدەنەوە لە پارێزگای قونەیتەرە لە باشوری سوریا.

لای خۆیەوە رووانگەی سوریایی بۆ مافەكانی مرۆڤ كە بارەگاكەی لە لەندەنە و چاودێری رەوشی سوریا دەكات، لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرایكرد چەند پێگەیەكی سەربازی سوپای سوریا و میلیشیا ئێرانییەكان لە ریفی پارێزگای قونەیتەرە لە سوریا كراونەتە ئامانجی هێرشە موشەكییەكەی ئیسرائیل.

لەلای ئیسرائیلەوە هیچ لێدوانێك لەبارەی هێرشە مووشەكییەكەوە بڵاونەكراوەتەوە.

لە مانگەكانی رابردوودا ئیسرائیل هێرشەكانی بۆ كردنە ئامانجی بنكە سەربازییەكانی ئێران و هاوپەیمانەكانی لە چەند ناوچەیەكی سوریا چڕكردووەتەوە.

هێرشی ئیسرائیل لە 13ی مانگی رابردوو بۆ سەر خەزێنەی چەكوچۆڵ و بنكە سەربازییەكان لە خۆرهەڵاتی سوریا كوژرانی 57 سەرباز و چەكداری سوریایی و ئێرانی لێكەوتەوە.

هاوكات لە 22ی هەمان مانگ 4 سڤیل لەنێویاندا 2 منداڵ بەهۆی هێرشی ئیسرائیلەوە لە شاری حەما لەنێوەڕاستی سوریا كوژران.

بەپێی راپۆرتی سوپای ئیسرائیل لە ماوەی ساڵی 2020 نزیكەی 50 ئامانجیان لە سوریا بۆردومانكردووە بەبێ وردەكاری زۆرتر.

ئیسرائیل دووپاتیكردووەتەوە بەردەوام دەبێت لە پێشگرتن بە خۆقایمكردنی ئێران لە سوریا لە رووی سەربازییەوە.

هاوكات ئیسرائیل رایگەیاندووە دەستی بە دانانی پلان كردووە بۆ ئەوەی لە ئەمساڵدا هێرشبكاتە سەر ئێران بۆ رێگرتن لە گەیشتنی ئێران بە چەكی ناوەكی.