سەردێر

فڕۆكەهەڵگرەكە كشایەوە

خەڵك-

وەزارەتی بەرگری ئەمریكا پێنتاگۆن فەرمانی كرد بە كشانەوەی كەشتی فڕۆكەهەڵگری نیمیتز لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دوای تەواوبوونی ئەركەكانی لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا وەك ئاماژەیەك بۆ گەڕانەوەی ئارامی لەگەڵ ئێران.

مانگی رابردوو پێنتاگۆن فەرمانی مانەوەی كەشتییە فڕۆكەهەڵگرەكەی دەركرد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەهۆی هەڕەشەكانی ئێرانەوە لە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا دوای چەند مانگ لە گرژی.

ژمارەیەك بەرپرسی پێنتاگۆن ئاشكرایانكرد نیمیتز و تیمەكەی كە 5 هەزار كەسن لە رۆژی یەك شەممە فەرمانیان پێكراوە بگەڕێنەوە بۆ بەندەری بریمیرتوون شوێنی سەرەكی كەشتییەكە دوای مانەوەی بۆ ماوەی 10 مانگ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تەواوكردنی ماوەی ئاسایی خۆی.

رۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاویكردەوە گەڕانەوەی فڕۆكە هەڵگرەكە بۆ نیشتمانی خۆی ئاماژەیە بۆ خاوبوونەوەی گرژییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران.

لە دوای هاتنەسەركاری جۆ بایدن سەرۆكی نوێی ئەمریكا و لێدوانە ئەرێنییەكانی هەردوولایەنی ئەمریكایی و ئێرانی لەسەر رێككەوتنی ناوەكی، گرژییەكان خاوبوونەوە كە لەسەردەمی سەرۆكی پێشوو دۆناڵد ترەمپدا زۆر پەرەیانسەندبوو.