خەڵك-
سەرچاوە هەواڵگرییەكان ئاشكرایانكرد ئێران كەسانی هەڵگری رەگەزنامەی ئەوروپایی و ئێرانی ناردووە بۆ وڵاتێكی ئەفریقا بۆ كردنەئامانجی باڵیۆزخانەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل و ئیمارات لەوێ لەوەڵامی كوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودس و زانای ناوەكی موحسین فەخری زادە.
رادیۆی ئیسرائیل لە زاری سەرچاوە خۆرئاواییەكانەوە بڵاویكردەوە، هەندیچك كەسانی فەڕەنسایی هەڵگری رەگەزنامەی ئێرانی نێردراون بۆ كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر باڵیۆزخانەكانی ئیسرائیل و ئەمریكا و ئیمارات بۆ كردنەئامانجیان.
ئەو سەرچاوانە ناوی ئەو دەوڵەتە ئەفریقاییەیان ئاشكرانەكردووە كە دەكەوێتە خۆرهەڵاتی كیشوەری ڕەشەوە.
هەندێك كەسی گومانلێكراو لە ئەم دۆسێیەدا لە هەمان دەوڵەت دەستگیركراون و ژمارەیەكی دیكەش لە وڵاتی دیكە.
ئێوارەی دوو شەممە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ بینی گانتس وەزیری بەرگری، یسرائیل كاتس وەزیری دارایی، ئەفیف كوخافی سوپاسالار و بەرپرسانی دیكەی بەرگری و دارایی كۆبووەوە لەسەر بودجەی وەزارەتی بەرگری.
پێشتر ئەفیف كوخافی سوپاسالاری ئیسرائیل ئاشكرایكرد سوپایان راسپاردووە بۆ ئامادەكردنی پلانی رێگری ئێران بە گەیشتنی بە چەكی ناوەكی و ئەمساڵ گورز لە ئێران دەوەشێنن.