سەردێر

دوبەی بڕیاری بەپەلەی دا

خەڵك-

شاری دوبەی بڕیاری داخستنی سەرجەم چێشتخانە و خواردنگە و قاوەخانەكانی دا تا كۆتایی مانگی شوبات بە ئامانجی رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

بڕیارەكەی دەسەڵاتدارانی میرنشینی دوبەی ئەمڕۆ دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و خاوەنكارەكانیان ناچاركردووە بە پەلە شوێنەكانیان دابخەن.

ئەم بڕیارە دوای بەرزبوونەوەی ژمارەی توشبووان دێت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ رێگری لە زیاتر پەرەسەندنی نەخۆشییەكە لە ئیمارات.

هاوكات بڕیاریش درا بە كەمكردنەوەی ئامادەبوونی خەڵك لە هۆڵەكانی سینەما و چالاكییە هونەری و وەرزشییەكان و شوێنە داخراوەكان بە رێژەی 50%.

كۆتوبەندیش خراوەتە سەر لایەنی گەشتیاری، بەڵام بەندەرەكان بەرووی گەشتیارانی بیانیدا كراوە دەبن.

ئیمارات ژمارەی توشبووانی كۆرۆنای لە رۆژانی رابردوودا گەیشتە 4 هەزار توشبوو و 859 مردوو.

رۆژی دوو شەممە 2730 توشبووی دیكە تۆماركران.

ئیمارات یەكێك لە وڵاتانی جیهان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە كە لە ساڵی رابردوودا تەنها بە جێبەجێكردنی رێنماییەكان بەبێ داخستنی تەواو توانیبووی تەشەنەكردنی كۆرۆنا لەئاستێكی زۆر كەمدا رابگرێت.