سەردێر

“فەڕەنسا دەیەوێت چەكی خۆی ساغبكاتەوە”

ئێران بەشداری سعودیە لە دانوستانی ئەتۆمی ڕەتدەكاتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت، پێشنیازی فەڕەنسا بۆ بەشداری سعودیە لە دانوستانەكانی پەیوەست بە بەرنامەی ئەتۆمیی وڵاتەكەی ڕەتدەكەنەوە.

سەعید خەتبيزادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، چەكەكانی فەڕەنسا هۆكاری ناسەقامگیری كەنداوە و پێشنیازەكەی ئیمانوێل ماكرۆنیش بۆ بەشداری ڕیاز لە دانوستانە ئەتۆمییەكانی وڵاتانی زلهێز و تاران، بەهۆی ئەوەوەیە كە پاریس نیگەرانە لە چارەنووسی فرۆشتن و ساغكردنەوەی چەكەكانی بە سعودیە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشدا، تاكە ڕێگەی ڕزگاركردنی ڕێككەوتنی ئەتۆمی 2015 هەڵگرتنی سزاكانی ئەمریكا و گەڕانەوەی واشنتۆنە بۆ ئەو ڕێككەوتنە.

جێی ئاماژەیە، پێشتر ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا ڕایگەیاندبوو، ئێران بە خێرایی بەرەو دروستكردنی بۆمبی ئەتۆم هەنگاو دەنێت و پێویستە هەر چی زووترە ئێران و ئەمریكا بۆ ڕێككەوتنی ئەتۆمی بگەڕێنەوە و لە دانوستانەكانی ئەمجارەدا وڵاتانی كەنداو بەتایبەتی سعودیەش بەشدار بن.

خەڵك – بەشی هەواڵ