ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا دەڵێت:” توركیا سەرچاوەی نیگەرانی وڵاتەكەی و یەكێتی ئەوروپایە”.
ئیدارەی نوێی ئەمریكا یەكەم هێرش دەكاتە سەر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا و بە سەرچاوەی نیگەرانی وڵاتەكەی و یەكێتی ئەوروپا ناوی دەبات، داواشی لێدەكات پابەندبێت بە بڕیارەكانی دادگای یەكێتی ئەوروپا بۆ ئازادكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش.
جەیك سۆلیڤان ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا ڕایگەیاند: سەرۆكی توركیا سەرچاوەی نیگەرانییە بۆ ئەمریكا و وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا و پێویستە ڕێز لە بڕیارەكانی دادگای یەكێتی ئەوروپا بۆ مافەكانی مرۆڤ بگرێت، لەبارەی ڕەخساندنی ئازادی مافەكانی مرۆڤ و سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووتری هەدەپە ئازاد بكات.
ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا ڕونیشیكردووەتەوە: وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی بە وردی چاودێری دۆخی مافەكانی مرۆڤ و ئازادییە سیاسییەكان لە توركیا دەكات، نیگەرانیشن لەبەرامبەر زیندانی كردنی هەزاران چالاكوانی ڕێكخراوە مەدەنییەكان و هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن پێش پڕۆسەی دادگاییكردنیان.
خەڵك – بەشی هەواڵ