سەردێر

لوبنان، خۆپیشاندەران بارەگای شارەوانی تەرابلوسیان سوتاند

خەڵك-
لە ڕۆژی چوارەمی خۆپیشاندانەكان لە لوبنان، خۆپیشاندەران لە تەرابلوسی باكووری وڵاتەكە، بارەگای شارەوانی شارەكەیان سوتاند.

ئاژانسی نیشتمانی میدیای لوبنانی بڵاویكردەوە”خۆپیشاندەران بارەگای شارەوانی تەرابلوسیان بەرباران كرد و بۆمبی مۆلۆتۆفیان هەڵدایە نێو بارەگاكەوە، ئەمەش بووە مایەی كەوتنەوەی ئاگرێكی گەورە و ئاگركوژێنەوەكانیش بە قورسی توانیان ئاگركە كۆنترۆڵ بكەن كە زۆربەی نهۆمەكانی بارەگاكەی گرتبۆوە”.

پێشتر خۆپیشاندەران ژمارەیەك ڕێگەی سەرەكی شارەكەیان داخست و هێزە ئەمنییەكانیش بۆ بڵاوەپێكردنییان غازی فرێسكڕێژییان بەكارهێنا، لە ئەنجامی پێكداهەڵپژانی نێوان هێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەرانیش، ژمارەیەك لە هەردوولا برینداربوون.

لای خۆیەوە، سەعد حەریری سەرۆكی حكومەتی ڕاسپێردراو ڕایگەیاند”سوتاندنی بارەگای شارەوانی تەرابلوس تاوانێكی ڕێكخراوە و پێویستە ئەوانەی تێوەگلاون دەستكیربكرێن”، داخستنی ڕێگەوبانەكان و سوتاندنی دامەزراوەكانی حكومەتیشی بە كاریی تێكدەران و هەوڵدان بۆ دروستكردنی پشێوی لە وڵاتدا وەسفكرد.