سەردێر

فرۆشتنی چەك بەئیمارات‌و سعودیە راگيرا

خەڵك-

جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا گرێبەستی فرۆشتنی چەكی بە سعودیە و ئیمارات راگرت كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشوو كردبوونی لە بەرامبەر ئاساییكردنەوەی پەیوەندی ئەو وڵاتانە لەگەڵ ئیسرائیل.

ژمارەیەك بەرپرس لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاشكرایانكرد راگرتنی گرێبەستی فرۆشتنی چەك بە سعودیە و فرۆشتنی فڕۆكەی ئێف 35 بە ئیمارات، رێوشوێنێكی ئاسایی ئیدارەی بایدنە بۆ گرێبەستەكانی سەردەمی ترەمپ، كە هەموو ئیدارەیەك ئەوە دەكات بۆ گرێبەستە گەورەكان.

ئاژانسی بلۆمبێرگ لە زاری سەرچاوەكانیاوە بڵاویكردەوە گرێبەستە واژۆكراوەكان لەگەڵ سعودیە تا ئێستا جێبەجێنەكراون.

ئاشكراشیكرد وەزارەتی دەرەوە كۆمەڵێك لە پرۆسەكانی گواستنەوە و فرۆشتنی سیستمی بەرگری ئەمریكایی راگرتووە بۆ رێدان بە سەركردایەتی ئێستا بۆ پێداچوونەوە.

وەزارەتی دەرەوە لە راگەیەنراوێكدا رونیكردەوە پێداچوونەوە بە گرێبەستەكاندا دەكرێت ئێستا هیچ بڕیارێك دەربارەی جێبەجێكردنیان نادرێـت.

لای خۆیەوە باڵیۆزی ئیمارات لە ئەمریكا یوسف عەتیبە لە توێتەر نوسی، ئیمارات پێشوازی لە هەوڵەكانی ئەمریكا دەكات بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكان لەناوچەكە و دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست.

راشیگەیاند فرۆشتنی فڕۆكە بە ئیمارات رووبەرێكی گەورە لە پارێزگاری لە ئاسایشی كەنداو دورست دەكات، رێ بۆ ئەمریكاییەكان دەكاتەوە لە روبەڕوبوونەوەی ئاستەنگە جیهانییەكان كە كاری لە پێشینەی هەردوو حزبەكە بووە.

ئاماژەی بەوەشكرد ئیمارات هەمیشە لە پاڵ ئەمریكادا بووە لە هاوپەیمانیدا، كلیلی هەماهەنگی سەربازیش مامەڵەی وەك یەكە.



هەلبژاردە

گرنگترینەکان