سەردێر

بلینكن كێیە؟

خەڵك-

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریكا لە دەنگدانێكدا، كاندیدی جۆ بایدن بۆ پۆستی وەزیری دەرەوە ئانتۆنی بڵینكن-ی پەسەندكرد.

لەو دەنگدانەی كە ئەنجوومەنی گشتیی ئەنجوومەنی پیران بەڕێوەچوو، كاندیدبوونی بڵینكن بۆ وەزارەتی دەرەوە بە ٧٨ دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە ٢٢ نەخێر پەسەندكرا.

بڵینكن لە دوای وەزیری بەرگریی لۆید ئۆستن، وەزیری گەنجینە جانت یەلەن و بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی ئاڤریل هاینس، چوارەم وەزیری كابینەكەی بایدنە كە ناوی پەسەندبكرێت.

ئانتۆنی بڵینكن -ی تەمەن ٥٨ ساڵان كە چاوەڕواندەكرێت وێنەی جیھانی ئەمریكا بگۆڕێت، لە سەردەمی ئۆبامادا لە كۆشكی سپی، لە وەزارەتی دەرەوە و لە لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریكا كاریكردووە.

بڵینكن كە بۆ ماوەی ساڵانێكی دوور و درێژ لەگەڵ بایدن كاریكردووە و خاوەن ئەزموونی ٣٠ ساڵە لە سیاسەتی دەرەوە، لە سەردەمی ئۆباما لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥-٢٠١٧ ئەركی جێگری وەزیری دەرەوەی بەڕێوەبردووە.

ناوبراو لە قۆناغی یەكەمی سەرۆكایەتی ئۆباما راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی جێگری سەرۆك، جۆ بایدن بوو، هاوكات لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٢ بۆ ٢٠٠٨ لە لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران لەگەڵ بایدن كاریكردووە.

ئانتۆنی بڵینكن لە سەردەمی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا، بێل كلینتۆن لە نێوان ساڵەكانی ١٩٩٤-٢٠٠١، لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا كاریكردووە.

بڵینكن خوێندنی ئامادەیی لە پاریس تەواوكردووە و یاسای لە زانكۆكانی هارڤارد و كۆلۆمبیا خوێندووە.
سەرچاوە/ئەنادۆڵۆ