سەردێر

ئێران چاوەڕێی هەڵوێستی ئیدارەی بایدنە

نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایدەگەیەنێت، سەبارەت بە ڕێككەوتنی ئەتۆمی چاوەڕوانی هەڵوێستی ئئیدارەی نوێی ئەمریكا دەكەین.


مەجید تەختڕوانچی نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە لێدوانێكدا سەبارەت بەكاراكردنەوەی ڕێككەوتنی ئەتۆمی ئاماژەی بەوەكرد سەرەتای ئەمریكا لەو ڕێككەوتنە دەرچووە و ئیدارەی ترەمپ لەساڵی 2018 كۆتایی بەدانوستانەكان هێناوە، هەر بۆیە ئێستا ئەو بابەتە بۆ ئیدارەی واشنتۆن جێدەهێڵن و تا خۆیان بڕیاری كۆتایی بدەن كە لە سەر سیاسەتە شكست خواردووەكانیان بەردەوام دەبن، یاخود هەوڵی هەڵدانەوەی پەڕەیەكی نوێ لەپەیوەندیی دەدەن.

نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان وتیشی: وڵاتەكەی پێشتریش چەندین جار ڕایگەیاندووە كە ئامادەیە بگەڕێتەوە بۆ جێبەجێكردنی پابەندییەكانی سەر شانی پەیوەست بەڕێككەوتنەكە، ئەویش بەمەرجی گەڕانەوەی ئەمریكا و جێبەجێكردنی ئەركەكانی.

مەجید تەختڕوانچی ئاماژەی بەوەشكرد: تاران هیچ هێڵێكی پەیوەندیی لەگەڵ ئیدارەی نوێی واشنتۆن بەسەرۆكایەتی بایدن نییە، بۆیە چاوەڕوان دەبن بایدن سزاكان لەسەر ئێران هەڵبگرێت و دەست بەگفتوگۆ بكەنەوە.

خەڵك – بەشی هەواڵ