سەردێر

ئیمارات: باڵوێزخانەمان لەتەلئەبیب دەكەینەوە

حكومەتی ئیماڕات بڕیاریدا باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە پایتەختی ئیسرائیل بكاتەوە.


شێخ محەمەد بن ئال ڕاشد ئال مەكتوم، سەرۆكی حكومەتی ئیمارات، لە جریوەیەكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند: ئەمڕۆ یەكشەممە 24ی كانوونی دووەم، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری كردنەوەی باڵوێزخانەی وڵاتەكەی لەشاری تەلئەبیب لە ئیسڕائیل پەسەند كرد.

هەروەها، حكومەتی ئیمارات، لە جریوەیەكدا لەپێگەی فەڕمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر ئاماژەی بەوەداوە: ئەمڕۆ لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بەسەرۆكایەتی شێخ محەمەد بن ئال ڕاشد ئال مەكتوم، سەرۆكی وەزیران و جێگری سەرۆكی ئیمارات و حاكمی دوبەی، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری كردنەوەی باڵوێزخانەی وڵاتی ئیماراتی لە تەلئەبیب پەسەند كرد.

جێی ئاماژەیە، لەمانگی ئابی ساڵی ڕابردوودا، هەردوو وڵاتی ئیمارات و ئیسڕائیل، لەسەر ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوانیان ڕێككەوتن، ڕۆژی 15ی ئەیلولی هەمان ساڵیش، ڕێوڕەسمێك لەكۆشكی سپی بۆ واژۆكردنی پەیماننامەی ئاشتی مێژوویی نێوان وڵاتی ئیمارات و ئیسرائیل بەڕێوەچوو، بە پێی ڕێككەوتننامەكە، ئیمارات و ئیسڕائیل پەیوەندییە دیپلۆماتی و بازرگانی و ئابوورییەكانی نێوانیان ئاسایی دەكەنەوە.

خەڵك – بەشی هەواڵ