سەردێر

گەشتی هاووڵاتیانی عیراق بۆ ئەمریكا تا 3 مانگ ڕاگیرا

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەهۆی دزرانی تۆمارەكانی بەرنامەی چوونی پەنابەرانی عیراقی سەر بە حكومەتی ئەمریكا، وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە ئاشكرای دەكات، كە بەرنامەی گەیشتنی ڕاستەوخۆی عیراقییەكان بۆ ئەمریكا بۆ ماوەی 90 ڕۆژ ڕادەگرن.

وەزارەتی دەرەوە ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە 22ی ئەم مانگەوە، ولایەتە یەكگرتووەكان بەرنامەی گەیشتنی ڕاستەوخۆی عیراقییەكان (ئەوانەی لە دامەزراوە یان لەگەڵ نێردە ئەمریكییەكان كاردەكەن) بۆ ماوەی 90 ڕۆژ ڕاگرتووە، ئەوەش بۆ ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی هاوبەش، كە فەرمانگەی ئاسایشی دبلۆماسی لە وەزارەت و نووسینگەی پشكنەری گشتی لە وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ ئەنجامی دەدەن.

ڕاشیگەیاندووە، وەزارەتی دادی ئەمریكا هەڵدەستێت بە دادگایی كردنی ژمارەیەك كەس بەهۆی دزینی ئەو تۆمارانەی حكومەتی ئەمریكا لە سیستمی وەرگرتنی پەنابەرانی جیهانی سەر بە وەزارەتی دەرەوە، بۆ ئەوەی سوود ببینن لە بەرنامەی گەیشتنی ڕاستەوخۆی عیراقییەكانی سەر بە ئەمریكا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەشكردووە، پلانەكە بەرنامەی گەیشتنی ڕاستەوخۆی كردۆتە ئامانج تاوەكو بگات بە بەرنامەی وەرگرتنی پەنابەران، كە دەكرێت وەربگیرێن بەپێی یاسای قەیرانی پەنابەران لە عیراق لە ساڵی 2007دا.

جەختیشی كردۆتەوە، ڕاگرتنی بەرنامەی گەیشتنی ڕاستەوخۆی عیراقییەكان، كە كارمەندی سەر بە ئەمریكان پێویستە تاوەكو پێداچوونەوەی زیاتری پێدا بكرێت و چارەسەری خاڵە لاوازەكانی بكرێت تاوەكو سەرجەم ئەوانەی داوای پەنابەری دەكەن پابەندی مەرجی ئەمنی و پشكنینی یەكلاكەرەوەبن، چونكە ئەوانەی پەیوەندییان بە ڕێكخراوە تیرۆرستییەكانەوە هەبووە یان بەشداری چالاكی ئەو ڕێكخراوانەیان كردووە لە پێدانی پەنابەری قەدەغە دەكرێن.