خەڵك- بەشی هەواڵ
سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران ئاشكرای دەكات، لە لێسڤۆس ٢٧ كەس ڕزگاركران و كەسێكیش بەهۆی بەفر و سەرماوە گیانی لەدەستداوە.
ئاری جەلال، سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، پاسەوانانی سەر سنوری یۆنان تەرمی پیاوێك و ٢٧ ڕزگاربوویان دۆزیەوە، كە لە كەشوهەوایەكی بەفراویدا لە توركیاوە بەرەو یۆنان بەڕێكەوتبوون.
دەشڵێت: “بەشێكی كۆچبەرەكان خەڵكی سۆماڵ بوون و لە درەنگانێكی ڕۆژی دوو شەممەدا گەیشتبوونە سنوری خۆرهەڵاتی لێسڤۆس و لەوێدا بۆ ماوەی شەوێك مابوونەوە و تا ئێستاش ڕوون نیە كە چی بەسەر بەلەمەكەیاندا هاتووە، بەڵام لە نێویاندا پیاوێك بەهۆی نزمبوونەوەی پلەی گەرمیەوە كۆچی دوایی كردووە و تا ئێستا ناسنامەكەی نادیارە”.
ئاماژەی بەوەشكرد، كۆچبەرەكان سەرەتا ٢٤ كەسیان دۆزرابوونەوە، كە ١٥ كەسیان ژن بوون لەگەڵ ٨ پیاو و ١ منداڵ، بەڵام دواتر سێ كەسی دیكەش دۆزرانەوە.
ڕاشیگەیاند، پاش دۆزینەوەیان، كۆچبەرەكان ڕاستەوخۆ نێردرانە نەخۆشخانەیەكی مایتیلین و هێشتا دەسەڵاتداران بە دوای ڕزگاربووی دیكەدا دەگەڕێن.