سەردێر

بە ڤیدیۆ؛ ترەمپ بەبێ‌ بینینی بایدن كۆشكی سپی جێهێشت

خەڵك- بەشی هەواڵ
سەرۆكی ماوە تەواوبووی ئەمریكا بەبێ‌ ئەوەی چاوەڕێی هاتنی سەرۆكی هەڵبژێردراو بكات بۆ ڕادەستكردنی پۆستی سەرۆكایەتی ئەمریكا، كۆشكی سپی جێهێشت.

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی (سكای نیوز عربیە) كە لەزاری سەرچاوەیەكی كۆشكی سپییەوە بڵاویكردۆتەوە، كەمێك لەمەوبەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ماوەتەواوبووی ئەمریكا كۆشكی سپی جێهێشتووە و بەرەو فلۆریدا كەوتۆتە ڕێ‌.

لای خۆشیەوە، كەناڵی (عربیە الحدث) بڵاویكردەوە، دۆناڵد ترەمپ بەبێ‌ چاوەڕێ‌ كردنی بینینی جۆ بایدن و دەستاودەستكردنی دەسەڵات لە كۆشكی سپییەوە بەرەو بنكەی ئاسمانی (ئەندرۆز) بەڕێكەوتووە و لەوێوە دەچێتە فلۆریدا.

ئاماژەی بەوەشكردووە، كە ترەمپ داوای لە بەرپرسانی سەربازی كردووە لە بنكەی ئەندرۆز ڕێوڕەسمێكی سەربازی بۆ خواحافیزی بۆ ڕێكبخرێت.

بڕیارە ئەمشەو جۆ بایدن بچێتە كۆشكی سپی و سوێندی یاسایی بخوات و پۆستی سەرۆكی ئەمریكا بە فەرمی وەربگرێت و لە یەكەم كاریشیدا بڕیارە چەند بڕیارێكی سەرۆكی پێش خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و ئەمریكا بگەڕێنێتەوە ناو ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی.