سەردێر

ئێران: پابەند دەبین گەر سزاكان هەڵبگیرێن

خەڵك- بەشی هەواڵ
وەزیری دەرەوەی ئێڕان ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەكەی پابەند دەبێت بە ڕێكەوتنی ئەتۆمی گەر هەموو سزاكانی لەسەر هەڵبگرێت.

میدیاكانی ئێران لە زاری محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەوە بڵاویانكردەوە”هیچ پێویست ناكات سەرلەنوێ‌ دانوستان بكەین لەپێناو گەڕانەوە بۆ ڕێكەوتنی ئەتۆمی”.

بە وتەی زەریف”ئێران هەموو پابەندبوونەكانی بەخێرایی جێبەجێ‌ دەكات، گەر ئیدارەكەی بایدن هەموو ئەو سزایانە لەسەر ئێران هەڵبگرێت كە لەماوەی سەرۆكایەتی ترەمپدا بەسەر وڵاتەكەیاندا سەپێنران”.

پێشتر حەسەن ڕۆحانی سەرۆكی ئێران ڕایگەیاندبوو، تۆپەكە لە گۆڕەپانی ئەمریكا و ئیدارەكەی بایدندایە لەدوای ڕۆشتنی ترەمپ.

ڕۆحانی دەڵێًت”هەر كاتێك ئیدارەی نوێی ئەمریكا بڕیاریدا بگەڕێتەوە بۆ ڕێكەوتنە ئەتۆمییەكە، ئەوا ئێمەش هەمان هەڵوێستمان دەبێت”.