سەردێر

ترەمپ حزب دروستدەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ

رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵی ئەمریكایی ئاشكرایكرد دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا كە ئەمڕۆ وادەكەی تەواو دەبێت، بە نیازە حزبێكی سیاسی نوێ دابمەزرێنێت وەك هەنگاوێك بۆ چەسپاندنی نفوزی خۆی دوای چۆڵكردنی كۆشكی سپی.

بەپێی راپۆرتی رۆژنامە ئەمریكاییەكە، ترەمپ ئەو بابەتەی گفتووگۆكردووە لەگەڵ ژمارەیەك لە یاریدەدەرەكانی و كەسانی نزیكی خۆی بە ناوی حزبی پاتریۆت.

لای خۆیەوە كۆشكی سپی رەتیكردەوە لێدوان لەسەر راپۆرتی رۆژنامەی وۆلستریت جۆرناڵ بدات.

تا ئێستا روون نییە كە ئایا ترەمپ تا چەند جدییە لە دامەزراندنی ئەو حزبە نوێیەدا، كە خاوەنی بنكەیەكی گەورەی جەماوەرییە.

پێشتر ترەمپ شكستی هێنا لە دامەزراندنی حزبێكی نوێ لە ئەمریكا بەهۆی ئەوەی نەیتوانی بگاتە پشتیوانی پێویست بۆ بینینی رۆڵێكی گرنگ لە هەڵبژاردنە نێوخۆییەكاندا.

چاوەڕێ دەكرێت بەرپرسانی حزبی كۆماری بە توندی دژی بیرۆكەی ترەمپ بوەستنەوە بۆ راكێشانی دەنگدەرانی كۆماری.

دۆناڵد ترەمپ دوای چوار ساڵ لە سەرۆكایەتی ئەمریكا، ئەمڕۆ وادەكەی تەواو دەبێت و دوای مشتومڕێكی زۆر جۆ بایدن سەرۆكی نوێ دەستبەكار دەبێت.