سەردێر

ئەمریكا: ئێران بگەڕێتەوە بۆ سەر ڕێككەوتنەكان ئێمەش دەگەڕێینەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ

كاندیدی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایدەگەیەنێت: ئێران بگەڕێتەوە بۆسەر ڕێككەوتنەكەی پێشوو لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێمەش دەگەڕێینەوە سەری.

ئەنتۆنی بلینكن كاندیدی جۆ بایدن سەرۆكی هەڵبژێراوی ئەمریكا بۆ وەزارەتی دەرەوە لە میانەی وتارێكیدا لە كۆنگرێسی ئەمریكا، لەبەردەم ئەندامانی كۆنگرێس ڕایگەیاند: پێویستە ڕێگە نەدەین بە ئێران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی.

وتیشی: بەشداری هەر گفتوگۆیەك دەكەین كە لەنێوان ئیسڕائیل و وڵاتانی كەنداو لەسەر بەرنامەی ئەتۆمییەكەی ئێران ببەسترێت.

ئەنتۆنی بلینكن لەبارەی هەوڵەكانیان لەگەڵ وڵاتی ئێران لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئەوەی خستەڕوو: ئەگەر ئێران بگەڕێتەوە بۆ سەر ڕێككەوتنەكە ئێمەش ئەوەمان پێ باشە دەگەڕێینەوە.

ئاماژەی بەوەشدا: كار لەسەر ڕێككەوتنێكی توند تر لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەوە دەكەین.

ئەو كاندیدەی وەزارەتی دەرەوە جەختی لەوەكردووەتەوە، كە ئەمریكا بەرپرسیاریەتی بەپەلەی لەسەرشانە بۆ ڕێگەگرتن لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی.

لەبارەی مووشەكە دوورمەوداكانیشەوە، بلینكن ڕوونیكردەوە، پێویستە ڕێككەوتنی نوێ لەگەڵ ئێران تەنها بەرنامەی ئەتۆمییەكەی نەگرێتەوە، بەڵكو پێویستمان بە ئەمجارەیان پێویستمان بە ڕێككەوتنێكی بەهێزە كە لەو ڕێككەوتنەدا لەسەر مووشەكە دوورمەوداكانیش گفتوگۆ بكرێت.