سەردێر

عێراق.. دوو هەزار حاڵەتی تەنگەنەفەسی تۆمارکراوە

خەڵک-

وەزارەتی تەندروستی عێراق تۆمارکردنی دوو هەزار حاڵەتی تەنگەنەفەسی مەترسیداری راگەیاند لە دەرەنجامی ئەو شەپۆلی خۆڵبارینەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ وڵاتەکەی گرتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، سەیف ئەلبەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند “دامەزراوە تەندروستییەکانی وڵات پێشوازییان لە دوو هەزار حاڵەتی تەنگەنەفەسی توند کردووە بە لایەنی کەمەوە، بەهۆی شەپۆلی خۆڵبارینەوە و هیچ حاڵەتیكی مردن تا ئێستا تۆمار نەکراوە”.

لەو بارەیەوە، ئەلبەدر هۆشداریدا و وتی “کەسانی بەتەمەن و ئەوانەی دەناڵێنن بەدەست نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە و دڵ و درێژخایەنەکان باشترە نەچنە دەرەوە”.

ئاماژەی بەوەشدا کە “سەرجەم پێداویستییە پزیشکییەکان لە دەرمان و ئۆکسجین بەردەستن لە هەموو دامەزراوە تەندروستییەکانی سەر بە وەزارەت لە بەغداد و پارێزگاگانی تردا”.

سەرلەبەیانی ئەمرۆ دووشەممە، شەپۆڵێکی بەهێزی خۆڵبارین عێراقی گرتەوە بە هەرێمی کوردستانیشەوە، کە بووە هۆی ئاستەنگی لە بینین و هاتوچۆدا لەلایەن هاووڵاتییان و شۆفێرانەوە، لەگەڵ راگرتنی دەوامی قوتابخانەکان و کەمکردنەوە دەوامی فەرمانگەکان لە چەندین پارێزگای وڵاتەکەدا.