سەردێر

هەڵوێستی چوارچێوەی هەماهەنگی لەدوای وتارەكەی سەدر

خەڵك-
ئەندامێكی چوارچێوەی هەماهەنگی باس لەو گفتووگۆ و چاوپێكەوتنانە دەكات كە لە دوای وتارەكەی ئەمڕۆی موقتەدا سەدرەوە سازدەكرێن و دەڵێت، هەموو لایەنەكان بەشداریی لە حكومەتی داهاتوودا دەكەن.

مەحمود حەیانی، ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی لە لێدواتێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”لەدوای وتارەكەی ئەمڕۆی موقتەدا سەدر ڕابەری ڕەوتی سەدر، گفتووگۆ و چاوپێكەوتن سازدەكرێن، لەپێناو یەكخستنی دید و بۆچوونە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو كە هەموو لایەنەكان بەشداریی تێدا دەكەن، تا بەهێز بێت و بتوانێت وڵات لەڕووی ئابوری و ئەمنییەوە بەڕێوەببات”.

بە وتەی حەیانی”ڕەنگە لەم چەند ڕۆژەی دواییدا ڕێكەوتن لەنێوان لایەنە سیاسییە شیعەكان بكرێت، ئەمەش لەكاتێكدایە كە لەماوەی ڕابردوودا وتوێژەكانی نێوانیان بەردەوام بوون و لەهەموو ئەو وتوێژانەشدا جەخت لەسەر پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێزكراوەتەوە كە توانای بەڕێوەبردنی دۆسێ‌ هەڵپەسێردراوەكانی هەبێت”.

ئەو ئەندامەی چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێت”كۆبوونەوەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەردەوام دەبن، تا ئەو كاتەی ڕێكەوتن لەسەر پێكهێنانی حكومەت دەكرێت، دوای ئەوەش چاوپێكەوتن و گفتووكان نەك تەنیا لەگەڵ فراكسیۆنی سەدری، بەڵكو لەگەڵ هەموو فراكسیۆنە سیاسییەكانی تر سازدەكرێن، لەپێناو لێكنزیككردنەوەی بۆچوون و دیدە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت و هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییەكان”.

 

ئەمڕۆ سێ‌ شەممە دادگای فیدراڵی كۆبوونەوەی یەكەمی پەرلەمانی عێراقی بە دەستوری لەقەڵەمدا كە تێیدا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرا، موقتەدا سەدر ڕابەری ڕەوتی سەدریش لەدوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵ، سوربوونی خۆی لەسەر پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی، دووپاتكردەوە.