سەردێر

هەولێر؛ هاوکارییەکەی عێراق ڕەتدەکاتەوە

خەڵک

پارێزگاری هەولێر دەڵێت؛ بۆ بەهاناوەچوونى زیانلێکەوتووان وەک مافێکى یاسایی خۆمان داواکاریمان پێشکەش بە حکومەتى عێراق کرد تا لەبودجەى فریاکەوتن کە مانگانە لە بودجەى دیاریکراوى هەرێمى کوردستان دەبڕدرێت ئەو بەشەى کەمافى هەرێمى کوردستانە بۆمان بیگەڕێنەوە، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیراندا بڕیاردراوە بڕى (2) ملیار دینار بۆ هەولێر بنێردرێت، کە ئەمەش بەهیچ شێوەیەک لە چاوەڕوانى ئێمەدا نەبوو.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژی بەوەداوە؛ دواى ئەوەى ئەو کارەساتەى لەڕۆژى هەینى 2021.12.17 بەهۆى لافاوەوە بەسەر شارەکەماندا هات، کە سەرەڕاى زیانى گیانى قەبارەى زیانە مادیەکانیشى زۆر گەورە بوون، جگە لەزیانەکانى کەرتى گشتیى کە تەنها زیانى هاووڵاتییانى زەرەمەند بەبڕى (20) تاوەکو (21) ملیار دینار خەمڵێندراوە، بۆیە بۆ بەهاناوەچوونى زیانلێکەوتووان وەک مافێکى یاسایی خۆمان داواکاریمان پێشکەش بە حکومەتى عێراقی فیدراڵ کرد تاوەکو لەبودجەى فریاکەوتن کە مانگانە لە بودجەى دیاریکراوى هەرێمى کوردستان دەبڕدرێت ئەو بەشەى کەمافى هەرێمى کوردستانە بۆمان بیگەڕێنەوە، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ 2021.12.21 لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقی فیدرال بڕیاردراوە بڕى (2) ملیار دینار بۆ هەولێر بنێردرێت، کە ئەمەش بەهیچ شێوەیەک لە چاوەڕوانى ئێمەدا نەبوو.

خۆشناو دەڵێت؛ وێڕاى ئەوەى ئەوپەڕى ناڕەزایەتی خۆمان بەرامبەر بەم بڕیارەى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقى فیدراڵ دەردەبڕین، پێمان وایە ئەو بڕیارە بەهیچ شێوەیەک لە ئاستى چاوەڕوانى و قەبارەى زیانەکان نییە، سەرەڕاى ڕەتکردنەوەى ئەو بڕەى بۆمان دیاریکراوە کە بەهیچ شێوەیەک وەریناگرین، بێ هیوابوونى خۆمان لەهاوکاریکردنى حکومەتى عێراقی فیدراڵ نیشان دەدەین و ئەو بڕە پارەیەش قەبوڵ ناکەین.

ئەوەشی خستووەتەڕوو؛ دەخوازین ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقی فیدراڵ چاو بە بڕیارەکەیان بخشێننەوە، چونکە ئەوەى داوامان کردووە مافێکى یاسایی ئێمەیە و بەخێر پێمان نادرێت، کە مانگانە بەناوى خەرجی سیادى لە بودجەى هەرێمى کوردستان دەبڕدرێت و ئێستاش لەوکاتەى کە پێویستمان پێیەتى دەبێت بۆمان بگەڕێننەوە.