سەردێر

مەحما خەلیل؛ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران غەدر لە ئێزدییەکان دەکات

خەڵک

 

پارێزگاری قەزای شنگال، دەڵێت؛ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق هەندێک کەسی دیاریکراو، هاوبەشن لەو غەدرە گەورەیەی دەرهەق بە ئێزدییەکان دەکرێت و دەڵێت ئەوەی دەکرێت لە ناوبردنیانە.

 

مەحما خەلیل، وتی: “وەزارەتی کۆچ و هەندێک لە کەسە دیارەکانی، بەرپرسن لەو غەدرەی دەرهەق بە ئاوارە ئێزدییەکان دەکرێت کە لەم سەرمایەدا نە نەوت نە خێمەیان بۆ دابین ناکەن، لە کاتێکدا کە دەبوو لەم وەرزی سەرماوسۆڵەیەدا، هەوڵی گەڕاندنەوەیان و کەشێکی لەبار بۆ گوزەرانیان بدرایە و ئاوڕ لە دابینی پێداویستییەکانیان بدرایەتەوە.

 

وتیشی: “ئەوەی وەزارەت ئەنجامیداوە سوکایەتیکردنە بە ئاوارەکان لە کاتێکدا خێزانی چەکدارانی داعشی لە چادرگەی جدعە جێگیر کردووە و تەواوی پێداویستییەکانی بە زیادەوە بۆ دابینکردوون.

 

مەحما خەلیل وتیشی: “ئایا ئەو مافانەی بە خانەوادەی چەکدارە داعشەکان دراوە بە ئێزدییەکان دەبەخشرێت کە لە مێژووی عێراقدا گەورەترین تاوانیان دەرهەق کراوە و کۆمەڵکوژ کراون.”

 

قایمقامی شنگال، داوایکرد؛ نەتەوە یەکگرتووەکان و مەرجەعە ئاینییەکان و کوتلە سیاسییەکان ئەو پێشێلکارییانە بوەستێنن دەرهەق بە ئێزدییەکان.

 

وتیشی: “کاتێک دەبینین وەزارەت ناتوانێت ئەرکی خۆی بۆ ئێزدییەکان جێبەجێ بکات، هیچ ڕێگەیەکمان بۆ نامێنێتەوە جگە لە داواکاری لە رێکخراو و لایەنی بەرپرس و کەسانی دیار، تا بە دەنگمانەوە بێن”.

 

ناوبراو، هەڕەشەی کرد کە “پەنا بۆ دادگاکان ببات ئەگەر وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران لەسەر ئەم جۆرە کارکردنەی بەردەوام بێت، چونکە ناکرێت ڕێز لە تاوانبار بگری و ستەملێکراو سزا بدەیت”.

سەرچاوە؛ بغداد الیوم