سەردێر

عێراق، بووەتە کانگای منداڵانی بێ باوک و بێسەرپەرشت

خەڵک

 

کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، ئامارێکی شۆکهێنەر لەسەر ڕەوشی منداڵانی عێراق  بڵاودەکاتەوە و دەڵێت؛ ئامارەکان “ترسناکن” و دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە منداڵانی عێراق، لە دۆخێکی دژواردان بە تایبەت کە لە٪٥ی ئەو منداڵانەی بێسەرپەرشتن لەم وڵاتەدان.

 

کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ، دووپاتیکردەوە کە 5 ملیۆن بێباوک یاخود بێسەرپەرشت لە عێراقدا هەن، کە نمایندەی نزیکەی لەسەدا 5ی کۆی منداڵانی بێسەرپەرشت دەکەن لە جیهاندا، ئەم ئامارەش ڕەنگدانەوەی تراژیدیای مرۆڤی ئەم وڵاتەن کە بەهۆی شەڕە یەک لەدوای یەکەکانەوە بەرۆکی عێراقییەکان بەگشتی و منداڵانی بەتایبەتی گرتووە.

 

بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لەعێراق بڵاویکردووەتەوە،  1 ملیۆن منداڵی عێراقی لەبازاڕی کاردان و بەنەچاری خێزانە هەژارەکان منداڵەکانیان وابەستەی کار دەکان لەپێناو بژێوی ژیانیان.

 

هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە 4.5 ملیۆن منداڵ، خانەوادەکانیان لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

 

لەوبارەیەوە، سارا ئەلحەسەنی، ئەندامی ڕێکخراوی مافی ئافرەتانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ سکای نیوزی عەرەبی، ئاماژەی بەوەکرد: “هەژاری ڕۆڵێکی بەرچاو دەبینێت لە دیاردەی کارکردنی منداڵان، هەرچەندە چەندین هۆکاری جیاواز هەن کە بۆچی منداڵان کار دەکەن ئەم پێشێلکارییە لە مافە بنچینەییەکانی خۆیان و لە لایەن کەسانی نزیکەوە ئەنجام دەدرێن.

 

وتیشی؛ گەندەڵیی کە جومگە جۆراوجۆرەکانی دەزگا و ئۆرگانەکانی دەوڵەتی وێران کردووە، یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانە کە منداڵان کار بکەن، چونکە لە ڕێگەی خراپ بەکارهێنان و بەفیڕۆدانی سامان و سەرچاوەکانی وڵات و نەبوونی دابەشکاری یەکسانی سامان و کەمی بایەخ پێدان بە منداڵان و تاکی عێراقی هۆکارە سەرەکییەکەیە.

 

ئاشکرایکرد؛ منداڵان گەورەترین باج دەدەن، لەو شوێنەی کە بێبەشن لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، کە بەشێکی گرنگی مافە بەرچاوەکانیانن وەک چاودێری تەندروستی، پەروەردە، چێژ وەرگرتن لە منداڵییان، یاریکردن، فێربوونی زانست و زانیاری و مافی خوێندن.