سەردێر

ئەو پیاوەی كوڕەكەی خۆی فرۆشتبوو بە 10 ساڵ زیندانی حوكمدرا

خەڵك-
دادگای تاوانەكان لە ڕەسافە، حوكمی 10 ساڵ زیندانی بەسەر تاوانبارێكدا دەسەپێنێت كە كوڕە سێ‌ ساڵانەكەی خۆی بە بڕی سی هەزار دۆلاری ئەمریكایی لە بەغدا فرۆشتبوو.


ئەمڕۆ دوو شەممە، ئەنجومەنی باڵای دادەریی لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند”تاوانبارەكە لەلایەن یەكێك لە هاوڕێكانییەوە پەیوەندی پێوەكراوە و داوای لێكراوە منداڵێكی بكڕێت بە بڕی سی هەزار دۆلار بە مەبەستی هەڵگرتنەوەی، تاوانباریش ئامادەیی خۆی بۆ فرۆشتنی كوڕە سێ‌ ساڵانەكەی دەربڕیبوو”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”لەڕێی بەدواداچوون لەلایەن دادوەریی لێكۆڵینەوەی ڕەسافە، تیمێك بۆ كاركردن لە بەڕێوەبەرایەتی بنبڕكردنی تاوان پێكهێنرا، لێوەی توانرا كەسەكە لەكاتی ئەنجامدانی تاوانەكەدا دەستگیربكرێت”.

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی دەڵێت”سەپاندنی سزای زیندانی بەسەر تاوانبارەكەدا بە پشتبەستنە بە ئەحكامەكانی ماددەی 6/ یەكەم و پێنجەمی یاسای بازرگانی بە مرۆڤ ژمارە 28ی ساڵی 2012″.