سەردێر

كازمی بۆ هێزە ئەمنییەكان: لەئامادەباشی تەواودا بن

خەڵك

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ڕایدەگەیەنێن، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی تشرینی یەكەم سەردانی فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی كرد و لەگەڵ فەرماندە ئەمنیی و سەربازییەكان كۆبووەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا كازمی جەختی كردووەتەوە كە پێویستە كار بكرێت بۆ پارێزگاریكردن لەخۆپیشاندەران بەگوێرەی ڕێكارە دەستووری و یاساییەكان و هاوكات پێویستە پارێزگاری لەسامانی گشتی و تایبەت بكرێت.

هەر لەمیانی كۆبوونەوەكەدا، كازمی دووپاتیكردووەتەوە كە ئەو بەرپرسیاریەتییەی دەكەوێتە سەر فەرماندەكان و هێزە ئەمنییەكان، بەرپرسیاریەتی مێژوویین و ڕوونیشی كردووەتەوە كە سوپای عیراق هەڵدەستن بەجێبەجێكردنی چەند ئەركێك كە بریتین لە پاراستنی سنوور و ئاسایشی ناوخۆ و ڕاوەدوونانی شانەكانی تیرۆریستان.

سەرۆك وەزیرانی عیراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، “لەساڵی 2003ەوە چەندین ئاڵنگاری بەمیرات بۆ وڵات ماوەتەوەو تا ئێستاش لەنێو لێكەوتەكانیدا دەژین، دووپاتیشی كردەوە كە پێویستە بەهەموو هێزمانەوە كار بكەین بۆ پاراستنی نیشتمان و ڕۆڵەكانی گەلەكەمان لەهەموو مەترسییەك، جەختیشی كردەوە لەسەر پێویستی كاراكردنەوەی هەوڵی هەواڵگریی وورد و خۆ بەدووگرتن لە زانیارییە ساختەكان”.

فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان ئاماژەشی بەوەدا كە تیرۆریستانی داعش هەوڵ دەدەن هەر كەلێنێك یاخود بارودۆخێك یان ئاستەنگێك بقۆزنەوە بۆئەوەی كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن، بۆیە سەرجەم هێزە ئەمنییەكان ڕادەسپێرن لەهەموو حاڵەتێكدا لەئامادەباشی تەواودا بن و ڕێگەنەدن دوژمن هیچ بارودۆخێك بۆ كردەوەی تیرۆریستی بقۆزێتەوە.