سەردێر

ڕەوتی سەدر بۆ (خەڵك): بەڵی ئێمە سەرۆكی حكومەتی داهاتوو دادەنێين

خەڵك-
ئەندامێكی دەستەی سیاسی ڕەوتی سەدر ڕایدەگەیەنێت، پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو لەلایەن كەسێتییەكی سەدری، یان لەلایەن كەسێتییەك كە لەلایە ڕەوتی سەدرەوە كاندید دەكرێت، پڕدەكرێتەوە.

ڕیاز مەسعودی، ئەندامی دەستەی سیاسی ڕەوتی سەدر، لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند:”سەرۆكی حكومەتی داهاتوو، یان لە ڕەوتی سەدر دەبێت، یان لەلایەن ڕەوتی سەدرەوە كاندید دەكرێت، جا ئەو كەسێتییە سەدری بێت یان سەدری نەبێت، ئەوەی گرنگە ئەوەیە ڕەوتی سەدر بەپێی دەستور كاندید بۆ سەرۆك وەزیرانی داهاتوو دادەنێت و دەبێت لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە كە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتووەوە هەڵدەبژێردرێت پەسەند بكرێت و پاشان بۆ پێكهێنانی حكومەت ڕابسپێردرێت  “.

بە وتەی مەسعودی:”پاش ئەوەی دەچینە قۆناغی پێكهێنانی حكومەت كە لەدواى كاندیدكردن و ڕاسپاردنەوە دەبێت، ڕەوتی سەدر تەواوی بەرپرسیارێتییەكە لەئەستۆ دەگرێت و ناوەكانی بەلاوە گرنگ نییە، ئەوەی گرنگە بەلای ڕەوتی سەدرەوە، كاندیدكردنی كەسێتییەكە كە سەدری بێت یان سەدری نەبێت، لەلایەن خۆیەوە كاندید بكرێت”.

بەپێی ڕاگەیاندنی كۆتایی ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی 10ی ئەم مانگە، ڕەوتی سەدر توانی پلەی یەكەم لەڕێی دەستەبەركردنی 73 كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتوو بۆخۆی داگیربكات و زۆرینە بەدەستبهێنێت، ئەمەش هێندەی تر ڕێگە بۆ ڕەوتەكە خۆش دەكات، تا كار بۆ جێبەجێكردنی كارنامەكەی بكات كە بەر لە هەڵبژاردن ڕایگەیاندبوو.