سەردێر

گۆڕانكارییەكانی تایبەت بە تابلۆی ئۆتۆمبێل ئاشكرادەكرێن

خەڵك-

بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ هاتووچۆی‌ عیراق گۆڕانكارییەكانی تایبەت بە تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل، كە وابڕیارە لە تەواوی عیراقدا یەكبخرێت ئاشكرا دەكات و دەڵێت، لە تابلۆ نوێیەكەدا ناوی پارێزگاكانی لەسەر نابێت و تەنیا ژمارەیەك بۆ ناسینەوەی پارێزگاكان دادەنرێت.

ئەمڕۆ سێ شەممە ئاژانسی فەرمی (العراقیە) لە زاری عەمید حەیدەر كەریم، بەڕێوەبەری‌ راگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەكان لە بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ هاتووچۆی‌ عیراق بڵاویكردەوە، “تابلۆكانی‌ ئۆتۆمبێل لەسەرتاسەری‌ عیراق و بە هەرێمی‌ كوردستانیشەوە یەكدەخرێن، لەو تابلۆ نوێكەشدا ناوی‌ پارێزگاكان نامێنن و بە ژمارەیەكی‌ تایبەت پارێزگاكان جیادەكرێنەوە”.

بە وتەی عەمید حەیدەر كەریم، “تابلۆ نوێیەكان بە كوالێتی‌ جیهانیی‌ و هاوشێوەی‌ ئەو وڵاتانە دروست دەكرێن، كە چوونەتە نێو رێككەوتنی‌ ڤیەننا”.

لەم ماوەیەی دواییدا بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ هاتووچۆی‌ عیراق ئاماژەی بە رێككەوتنێكی‌ سەرەتایی كرد‌ بۆ یەكخستنی‌ تابلۆی‌ ئۆتۆمبێلەكانی‌ ناوەند و هەرێمی‌ كوردستان، ئەمەش لەكاتێكدایە كە ماوەیەكی زۆرە هەوڵەكان بۆ ئەو مەبەستە خراونەتەگەڕ و پێدەچێت لەئێستادا كار بۆ پراكتیزەكردنی بكرێت و لێوەی تابلۆی ئۆتۆمبێلەكان لە تەواوی پارێزگاكانی عیراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، یەكبخرێن.