سەردێر

مالكی: داوا لە خۆپیشاندەران دەكات خۆیان لە توندوتیژی بەدووربگرن

خەڵك

سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا داوا لە هاووڵاتیانی ناڕازی لە دەرەنجامەكانی هەڵبژاردنی دەكات خۆیان لە توندوتیژی بەدووربگرن.
نوری مالكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە جریوەیەكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر كە ئاڕاستەی خۆپیشاندەران و هاووڵاتیانی ناڕازی لە دەرەنجامەكانی هەڵبژاردنی كردووە ئاماژەی بەوەداوە: لەم كاتە مەترسیدارەی ڕێڕەوی پڕۆسەی سیاسیدا تكا دەكەین، ناڕەزایەكانتان لەسەر دەرەنجامی هەڵبژاردنەكان بەشێوەیەكی ئاشتییانە بێت و پارێزگاری لە ئاسایش و ئارامی خۆتان بكەن و ڕێگە مەدەن كەسانی گێرەشێوێن ئەم هەلە بقۆزنەوە لەبەرئەوەی تێكدانی ئارامی و ئاسایش پێچەوانەی خواست و ئارەزووی هەمووانە كە هەوڵی بۆ دەدەن.

ئەم داوایەی نوری مالكی دوای ئەوە دێت كە لە بەشێك لە ناوچەكانی بەغدا و چەند شارێكی باشوور و ناوەڕاستی عیراق خۆپیشاندان و ناڕەزایی دژی دەرەنجامەكانی هەڵبژاردن دەستیپێكردووە و لە هەندێك ناوچەش خۆپیشاندانەكان توندوتیژی لێكەوتووەتەوە.