سەردێر

كازمی سەركەوتنی پڕاكتیكی ئەزموونی ئەمدواییەی هەڵبژاردنەكانی ڕاگەیاند

خەڵك

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق سەركەوتنی پراكتیكی ئەزموونی ئەمدواییەی هەڵبژاردنەكانی راگەیاند.
نووسینگەی میدیایی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەمیانی سەردانی بۆ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان چاودێری پێنجەم پڕۆسەی پراكتیكی كرد كەپێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان لە10ی تشرینی یەكەمدا جێبەجێ دەكرێت.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، كازمی ڕوونیكردووەتەوە، سەركەوتنی ئەنجامدانی پێنجەم پڕۆسەی ئەزموونی كە ئەمڕۆ جێبەجێكرا بەڵگەیە لەسەر تەواوی ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەشێوەیەك گوزارشت بێت لەئامانج و ئاواتەكانی داهاتووی هاووڵاتیانی عیراقی.

كازمی جەختیشی كردەوە، حكومەت پابەندبووە بە بەڵێنەكانی لەبەردەم گەلی عیراقدا و هەموو ڕێوشوێنێكی ئەنجامداوە بۆ ئاسانكردنی كاری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و پتەوكردنی ئەزموونە دیموكراتییەكە، ئاماژەشیدا كە هەڵبژاردنەكانی ڕۆژی 10ی تشرینی یەكەم دەرفەتێكی مێژوویی دەبێت بۆ گۆڕانكاری و ڕاستكردنەوەی ئاڕاستەكان.

سەرۆك وەزیرانی فیدڕاڵ دووپاتیشی كردەوە، مامەڵەی توند لەگەڵ هەر هەوڵێكی ساختەكاریدا دەكەن و ڕێگەی پێنادەن، پێداگریشی كرد كە بەدواداچوون بەردەوامە لەبارەی ئەو سەرپێچی و پێشێلكارییانە كە لەلایەن كاندید و پارتەكانەوە ئەنجام دەدرێن، كۆمسیۆن بە گوێرەی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەكات.