سەردێر

شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی عیراق ڕەوانەی سنووری لیتوانیا و بیلاڕوسیا دەكرێت

خەڵك

وەزارەتی دەرەوەی عیراقی فیدڕاڵ، ئەمڕۆ دووشەممە 27ی ئەیلولی 2021 ڕەوانەكردنی شاندێكی كونسوڵی بۆ سنووری هاوبەشی نێوان لیتوانیا و بیلاڕوسیا ڕاگەیاند بەمەبەستی چارەسەكردنی كێشەی ئەو هاووڵاتییە عیراقییەكانەی گیرییان خواردووە.
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەى عيراق لە جریوەیەكدا كە لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردووەتەوە ڕایگەیاند: وەزارەتی دەرەوەی فیدڕاڵ بەمەبەستی بەدەمەوەچوونی داواكاری ژمارەیەك هاووڵاتی عیراقی و باڵوێزخانەی عیراق لەپۆڵەندا، شاندێكی كونسوڵیی ڕەوانەی سنووری هاوبەشی نێوان لیتوانیا و بیلاڕوسیا كردووە بەئامانجی پێدانی پاسپۆڕت بەو هاووڵاتییانەی ئارەزووی گەڕانەوە دەكەن و هەروەها ئاگاداربوون لەڕەوشی ئەوانەشی كەمافی مانەوەیان دراوەتێ و وەرگرتنی زانیاری لەبارەی داواكارییە مرۆییەكانیان.

لەسەرەتای ئەمساڵ 2021 دەیان هاووڵاتی عیراقیی لەسەر سنوورەكانی نێوان لیتوانیا و بیلاڕوسیا گیریان خواردبوو لەدەرئەنجامی پێنەدانی مافی پەنابەرێتی پێیان و چوونیان بۆ وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا، بەوەی ئەوانە پەنابەری نایاسایی بوون، بەو هۆیەشەوە ژمارەیەكیان گیانیان لەدەستدا بەهۆی ساردی كەشوهەوا و كەمی خواردن و نەبوونی خزمەتگوزاری تەندروستی پێویست بۆیان.