سەردێر

كازمی: دەبێت ڕووبەڕووی ھەڵەكان ببینەوە

خەڵك

سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، گۆڕانكاریی ڕاستەقینە سەرەتا لە فەلسەفەی مامەڵەكردن لەگەڵ خەڵكی لە سەرجەم دەزگاكانی دەوڵەتدا دەست پێدەكات، بەتایبەتیش لە دامەزراوە ئەمنیی و سەربازییەكان.
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە جریوەیەكدا بەبۆنەی چلەی ئیمام حسێن كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردووەتەوە نووسیویەتی “چلەی ئیمام حسێن و یاوەرانی، گرنگترین ناڕەزایەتیی مرۆڤایەتییە بەدرێژایی مێژوو دژبە پێشێلكارییەكانی مافەكانی مرۆڤ، ئەم بۆنەیە جەختكردنەوەیە لەسەر ئەو ڕاستییەی كە بەرەنگاربوونەوەی ئەو جۆرە پێشێلكارییانە بەدرێژایی قۆناغە جیاوازەكان لە عیراق ئەركێكی سانا نییە و تەنھا بەنیازی باشیش ئەنجام نادرێت”.

سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕاشیگەیاندووە، گۆڕانكاریی ڕاستەقینە سەرەتا لە فەلسەفەی مامەڵەكردن لەگەڵ خەڵكی لەسەرجەم دامەزراوەكانی دەوڵەتدا دەست پێ دەكات، بەتایبەتیش لە دامەزراوە ئەمنیی و سەربازییەكان و دووبارە ڕاھێنانەوەی ژمارەیەك لێكۆڵەر و نووسیویەتی”دەبێت وەك عیراقییەكان ئازایانە دان بە ھەڵەكاندا بنێنن لەو كاتەی ڕوودەدەن و دەبێت ڕووبەڕووی ھەڵەكان ببینەوە و لێكەوتەكانی چارەسەر بكەین و لێپێچینەوەیش لە ئەنجامدەرانی بكەین”.

ھەروەھا مستەفا كازمی نووسیویەتی”دەبێت مافەكانی مرۆڤ بخەینە ناو پڕۆگرامەكانی خوێندن بۆ ئەوەی لە دڵ و هزردا بچەسپێنین تا بگەین بە ڕێگایەك بۆ داھاتوو”.

سەرۆك وەزیرانی عیراق ئەوەشی خستووەتەڕوو “گەلی عیراق بەھاكانی دادپەروەریی، لێبوردەیی و قوربانیدانی بەدرێژایی مێژوو چەسپاندووە و دەبێت بەرھەمەكەی چنینەوەی كەرامەت بێت و دیموكراسییەت بژاردەی عیراقییەكانە و ئەوان شایەنی ھەموو كارێكی باشن”.